شارەزایەكی كەشناسی پێشبینی كردووە لە چەند رۆژی داهاتوو پلەكانی گەرما زیاتر بەرز ببنەوە و لە هەندێك شوێن بگاتە 40 پلەی سیلیزی، بەڵام لە هەمانكاتدا دەڵێت، كەشوهەوای سارد و بارانبارینش لە هەرێمی كوردستان كۆتایی نەهاتووە.
هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی شارەزای كەشناسی دەڵێت: ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو دەبێتە دەستپێکی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، بەهۆی هاتنی ئارستە هەوایەکی نیمچە گەرم لە باکوری ئەفریقاوە، ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممە كەشوهەوا گەرمتریش دەبێت.
راشیگەیاند: بەرزترین پلەی گەرمای تۆمارکراوی ژێر سێبەر لە ئیدارەی گەرمیان دەبێت و پێشبینی دەکرێت پلەکانی گەرما لەو ناوچانە بگاتە 39-40 پلەی سیلیزی.
شارەزاكەی كەشناسی مژدە و هەواڵی خۆشیشی راگەیاند و گوتی: بەهەمانشێوە بارستە هەوا ساردەکانیش کۆتاییان نەهاتووە و لە ناوەڕاستی مانگ بەدواوە بارستە هەوایەکی ساردی مامناوەند دەگەڕێتەوە.
ئاماژەی بەوەش كرد كە بارانباریش هێشتا کۆتایی نەهاتووە و لە ناوەڕاستی مانگ بەدواوە ناسەقامگیری کەشوهەوا و بارانبارین دەست پێ دەکاتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.