Erbil 31°C شەممە 26 ئەیلوول 17:45

ئەکسیۆس: ئەمریکا و ئێران نزیکن لە واژۆکردنی یاداشتێکی یەک لاپەڕەیی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ

کوردستان TV
100%

ماڵپەڕی (ئەکسیۆس) بڵاوی کردەوە، ئەمریکا و ئێران لە سەروبەندی واژۆکردنی یاداشتێکی یەک لاپەڕەییدان بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان، سەرچاوەکان دەڵێن، ئەمە نزیکترین خاڵە کە هەردوولا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن پێی گەیشتبێتن.

ئەمڕۆ چوارشەممە 6ـی ئایار، ماڵپەڕی (ئەکسیۆس) لە زاری بەرپرسانی ئەمریکی و دوو سەرچاوەی دیکەی ئاگادار لە دانوستانەکانەوە بڵاوی کردووەتەوە، کۆشکی سپی پێی وایە نزیک بووەتەوە لە گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێران سەبارەت بە یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی یەک لاپەڕەیی، بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگ و داڕشتنی چوارچێوەیەک بۆ دانوستانی ئەتۆمیی وردتر.

ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەمریکا پێشبینی دەکات ئێران لە ماوەی 48 کاتژمێردا وەڵامی خاڵە سەرەکییەکانی ڕێککەوتنە پێشبینیکراوەکە بداتەوە.

هەروەها جەختی لەوەش کردەوە، تا ئێستا هیچ ڕێککەوتنێکی کۆتایی نەکراوە، بەڵام سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە داوە کە لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەوە تا ئێستا، ئەمە نزیکترین خاڵە کە هەردوو لا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن پێی گەیشتبێتن.

بەپێی سەرچاوەکانی ماڵپەڕەکە، بڕیاری فەرماندەییی ئەمریکا بۆ هەڵپەساردنی ئۆپەراسیۆنی (پڕۆژەی ئازادی) لە گەرووی هورمز، پەیوەستە بەو پێشکەوتنەی کە لە دانوستانەکاندا بەدەست هاتووە.

ڕەشنووسی یاداشتەکە لەسەر بنەمای پلانەکەی ئەمریکا داڕێژراوە کە لە 14 بڕگە پێکدێت و داوای ڕاگرتنی کردەوە جەنگییەکان لە ناوچەکە و دەستپێکردنی قۆناغێکی دانوستان بۆ ماوەی 30 ڕۆژ دەکات سەبارەت بە کەشتیوانی لە گەرووی هورمز، بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و ئاسۆی هەڵگرتنی سزاکانی ئەمریکا.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.