لە ئەنجامی هێرشێکی چەکدارانی گرووپی بۆکۆ حەرام بۆ سەر بنکەیەکی سەربازیی لە ناوچەیەک لە دەریاچەی چاد، 25 سەرباز کوژران و دەیانی دیکەش بریندار بوون.
بەگوێرەی لێدوانی سەرچاوە سەربازی و ناوخۆییەکان بۆ ئاژانسی فرانس پرێس کە رۆژی سێشەممە بڵاوکراوەتەوە، هێرشەکە شەوی دووشەممە کراوەتە سەر بنکەی سەربازیی "بەرەکە تولوروم".
سەرچاوەیەکی سەربازی ئاماژەی بەوە کردووە کە لە ئەنجامی هێرشەکەدا 25 سەرباز کوژراون و 46ی دیکەش بریندار بوون، لە کاتێکدا بەرپرسانی کارگێڕی ناوچەکە ئاماری کوژرانی 24 کەسیان پشتڕاست کردووەتەوە.
لای خۆیەوە محەمەد ئیدریس دێبی ئیتنۆ، سەرۆکی چاد، لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمی خۆی لە فەیسبووک، وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵەی قوربانییەکان، هێرشەکەی بە "ترسنۆکانە" وەسف کرد و رایگەیاند: "جارێکی دیکە گرووپی تێرۆریستی بۆکۆ حەرام هێرشێکی ناپاکانەی کردە سەر بنکەکەمان لە بەرەکە تولوروم، ئێمە بە ورەیەکی پۆڵایینەوە لە جەنگ بەردەوام دەبین تا ئەو کاتەی ئەم هەڕەشەیە بە تەواوی بنبڕ دەکەین."
ئەم بنکە سەربازییە دەکەوێتە کەناراوەکانی دەریاچەی چاد، کە ناوچەیەکی سنووریی هاوبەشە لەنێوان وڵاتانی کامیڕۆن، چاد، نەیجەر و نەیجیریا. دوورگەکانی ناو ئەم دەریاچەیە بەهۆی سەختیی سروشتەکەیانەوە، بوونەتە پەناگەیەکی سەرەکی بۆ چەکدارانی بۆکۆ حەرام و رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی - ویلایەتی خۆرئاوای ئەفریقا (ISWAP).
لە تشرینی یەکەمی 2024، هێرشێکی هاوشێوە بووە هۆی کوژرانی نزیکەی 40 سەربازی چاد. لە وەڵامی ئەو هێرشەدا، سەرۆک دێبی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بەرفراوانی راگەیاند و بۆ ماوەی دوو هەفتە خۆی سەرپەرشتی مەیدانیی هێزەکانی دەکرد.
ئەم هێرشە نوێیە لە کاتێکدایە کە سوپای چاد لە شوباتی 2025 رایگەیاندبوو کە بۆکۆ حەرام چیتر هیچ پەناگەیەکی لەناو خاکی چاددا نەماوە، بەڵام زیادبوونی کردەوەکانی ڕفاندن و هێرشکردنە سەر بنکە سنوورییەکان و ناوچەکانی سەر بە نەیجەر، نیشانی دەدات کە مەترسیی ئەم گرووپانە هێشتا بەردەوامە و "بارودۆخەکە لەژێر کۆنتڕۆڵدایە" وەک ئەوەی بەرپرسە ناوخۆییەکان ئاماژەی پێ دەدەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.