فەرماندەییی ناوەندیی ئەمریکا ڕایگەیاند، 22 کارمەندی تیمی کەشتیی تۆسکا، کە دوای هەوڵدان بۆ تێپەڕاندنی گەمارۆ دەریاییەکەی گەرووی هورمز دەستی بەسەردا گیرابوو، بۆ گەڕانەوەیان بۆ ئێران، ڕەوانەی پاکستان کراون.
تیم هۆکینز، گوتەبێژی فەرماندەییی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) گوتی: "ئەمڕۆ هێزەکانی ئەمریکا گواستنەوەی 22 کارمەندی تیمی کەشتیی تۆسکایان بۆ پاکستان تەواو کرد، بە مەبەستی گەڕاندنەوەیان بۆ وڵاتەکەیان. هەروەها هەفتەی ڕابردووش شەش سەرنشینی دیکە گواستراونەتەوە بۆ وڵاتێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا بگەڕێندرێنەوە بۆ وڵاتەکەیان".
میدیاکانی ئێران ئەو شەش کەسەیان وەک ئەندامی خێزانی هەندێک لە کارمەندانی تیمەکە ناساندووە.
گوتەبێژەکەی سێنتکۆم ئاماژەی بەوەش کرد: "دوای ئەوەی کەشتیی تۆسکا مانگی ڕابردوو لە کاتی هەوڵدان بۆ پێشێلکردنی گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکا دەستی بەسەردا گیرا، ئێستا دەدرێتەوە بە خاوەنە ڕەسەنەکەی".
جەنەڕاڵ دان کین، سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمریکا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە پێنتاگۆن لە 24ـی نیسان ڕایگەیاند، دوای ئەوەی تیمی کەشتیی تۆسکا لە 19ـی نیساندا بۆ ماوەی شەش کاتژمێر گوێیان بە هۆشدارییەکانی هێزی دەریاییی ئەمریکا نەدا، کەشتییەکی وێرانکەر چەند گولـلەیەکی نا بە ژووری بزوێنەری کەشتییەکەوە و دواتریش هێزەکانی پیادەی دەریاییی ئەمریکا چوونە سەر کەشتیی تۆسکا و دەستیان بەسەردا گرت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.