دۆناڵد تڕەمپ دەستپێکردنی پڕۆژەی ئازادی بۆ ڕزگارکردنی کەشتییە گیرخواردووەکانی گەرووی هورمز ڕادەگەیەنێت
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، دەستپێکردنی دەستپێشخەرییەکی مرۆیی لەژێر ناوی پڕۆژەی ئازادی ڕاگەیاند. ئامانجی پڕۆژەکە هاوکاریکردن و گواستنەوەی ئەو کەشتییە بازرگانییە نێودەوڵەتیانەیە کە لە گەرووی هورمزدا گیریان خواردووە و پەیوەندییان بە ململانێ و گرژییەکانی ئەم دواییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە نییە.
تڕەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە چەندین وڵات داوای هاوکارییان لە ئەمریکا کردووە بۆ ڕزگارکردنی کەشتی و ستافەکانیان، کە بەهۆی دۆخی ناوچەکەوە ناتوانن جوڵە بکەن و دووچاری کەمیی خۆراک و پێداویستی بوونەتەوە. بڕیارە پڕۆژەکە لە بەیانی ڕۆژی دووشەممە بە کاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستپێبکات.
سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوەش کردەوە کە نوێنەرەکانی لە گفتوگۆیەکی پۆزەتیڤ و ئەرێنیدان لەگەڵ ئێران و ئەم هەنگاوە وەک نیشانەیەکی نیازپاکی بۆ هەموو لایەک وەسف کرد.
هاوکات تڕەمپ هۆشداری توندیدا و ڕایگەیاند: ئەگەر بە هەر شێوەیەک دەستوەردان لەم پرۆسە مرۆییەدا بکرێت، بە هێز وەڵامی دەدرێتەوە.
گەرووی هورمز لە چەند مانگی ڕابردوودا بەهۆی زیادبوونی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لەلایەک و ئێران لەلایەکی تر، ئاسایشی کەشتیوانی لەم ناوچەیەدا کەوتووەتە مەترسییەوە و چەندین کەشتی بازرگانی و تانکەر ڕووبەڕووی دەستبەسەرداگرتن یان هێرش بوونەتەوە.

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.