ئەمڕۆ شەممە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ، پێشوازی لە عەلی ئەلزەیدی سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراوی حکوومەتی عێراقی فیدراڵ و شاندێکی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، هەوڵ و گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی فیدراڵ تاوتوێ کرا.
سەرۆکی حکوومەت دووپاتی کردەوە کە ئێمە پشتیوانی پێکهێنانی حکوومەتی نوێ دەبین لە پێناو چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێزگرتن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان و قەوارەی فیدراڵی هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی حکوومەت جەختیشی کردەوە کە ئێستا دەرفەتێکی نوێ هاتووەتە ئاراوە کە کێشەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی و یەکجارەکی چارەسەر بکرێن و بە شێوەیەکی دادپەروەرانە ڕەفتار لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت و بەڕێوەبردنی پرۆسەی سیاسی عێراقیش لە سەربنەمای هاوبەشی ، هاوسەنگی و سازان بێت.
سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراوی فیدراڵ ، سوپاسی پێشوازی و پشتیوانیی سەرۆکی حکوومەتی کرد و جەختی کردەوە کە بەهێزبوونی هەرێمی کوردستان، بەهێزبوونی حکوومەتی فیدراڵییە و دڵنیایی دەدەین کە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە، مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکەین .

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.