ئەمڕۆ شەممە 2026/05/02، لە مەراسیمێکی شایستەدا لە پارکی سامی عەبدولڕەحمان، ڕێز لە ئەرک و ماندووبوونی 100 کرێکاری سنووری سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر گیرا. مەراسیمەکە بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانی هەولێر و ژمارەیەک لە بەرپرسانی کارگێڕی بەڕێوەچوو.
لە وتەیەکدا، ئومێد خۆشناو وێڕای پیرۆزبایی بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی کرێکاران، ستایشی ڕۆڵی باڵای ئەو چینەی کرد لە پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوە و پاک ڕاگرتنی سیمای شاردا. پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوە کرد کە کرێکاران دڵسۆزترین چینی کۆمەڵگەن و لە ڕێگەی کارەکانیانەوە خزمەتێکی گەورە بە هاووڵاتییان دەگەیەنن، هەربۆیە شایستەی هەموو پشتیوانی و ڕێزگرتنێکن.
لە کۆتایی مەراسیمەکەدا، لە پای ئەو دڵسۆزی و ماندووبوونەی لە ڕاپەڕاندنی ئەرکە خزمەتگوزارییەکاندا نیشانیان داوە، بڕوانامەی ڕێزلێنان لەلایەن پارێزگاری هەولێر و بەرپرسانی ئامادەبووەوە بەسەر 100 کرێکارەکەدا دابەش کرا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.