دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی کۆمپانیای "ئێر فرانس" بەسەر ئاسمانی وڵاتی لیبیادا، دوای دابڕانێکی 10 ساڵە، شەپۆلێکی نیگەرانی لەلایەن ستافی فڕۆکەوانییەوە لێدەکەوێتەوە و هۆشداری دەدرێت لە بوونی مەترسی جدی لەسەر گیانی سەرنشینان و کارمەندان.
دوای ئەوەی لە کۆتایی مانگی مارسەوە ڕێگە بە کۆمپانیا فەرەنسییەکان درایەوە ئاسمانی لیبیا بەکاربهێنن، لێژنەی تەندروستی و سەلامەتی و مەرجەکانی کار (CSSCT) کە نوێنەرایەتی زۆربەی سەندیکاکانی "ئێر فرانس" دەکات، هۆشدارییەکی بەپەلەی لە ژێر ناونیشانی "مەترسی جدی و دەستبەجێ" دەرکرد. ئەم هۆشدارییە کۆمپانیاکە ناچار دەکات بەدواداچوونی ورد بۆ مەرجەکانی سەلامەتی بکات و لەگەڵ پشکنەرانی کار کۆببێتەوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر.
لای خۆیەوە، دەستەی گشتی فڕۆکەوانی شارستانی فەرەنسا (DGAC) ڕایگەیاندووە، دەستپێکردنەوەی گەشتەکان بە مەرجی زۆر توند بووە، لەوانە پابەندبوونی فڕۆکەکان بە تەنیا یەک ڕێڕەوی دیاریکراو (باکور-باشور) و فڕین لە بەرزییەکی زیاتر لە 32,000 پێ. بەڕێوەبەرایەتی ئێر فرانس-یش جەخت دەکاتەوە کە بەردەوام چاودێری دۆخی جیۆپۆلیتیکی ناوچەکە دەکەن و فڕۆکەوانەکان دەسەڵاتی تەواویان هەیە لە کاتی هەستکردن بە هەر مەترسییەک، ڕێڕەوی گەشتەکە بگۆڕن.
ئەم بڕیارە نوێیەی فەرەنسا لە کاتێکدایە کە کۆمپانیاکانی وەک هێڵی ئاسمانی تورکی، قەتەری و ئیماراتی ڕۆژانە ئاسمانی لیبیا بەکاردەهێنن. بەپێی ئامارەکان، بەکارهێنانی ئاسمانی لیبیا کاتێکی زۆر بۆ گەشتەکان دەگەڕێنێتەوە؛ بۆ نموونە گەشتی پاریس بۆ ئەنجامینای پایتەختی چاد بە بڕی 84 خولەک کەم دەکاتەوە، گەشتی جوهانسبێرگ 52 خولەک و گەشتی کینشاسا 47 خولەک کورتتر دەکاتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی پاشەکەوتکردنی بڕێکی زۆر لە سووتەمەنی. هەرچەندە کۆمپانیا فەرەنسییەکە دەڵێت هۆکاری ئابووری لە پشت ئەم بڕیارەوە نییە و تەنیا دوای دڵنیابوونەوە لە سەلامەتی گەشتەکان دەستیان پێکردووەتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.