كۆمپانیای هێڵی ئاسمانی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ هەینی یەكەم كاروانی مێوانانی ماڵی خودا بەڕێگەی ئاسمانی لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەسڕە بەرەو وڵاتی سعوودییە بەڕێ كران، ئاماژەی بەوەش دا كە لە رۆژانی داهاتوو گەشتەكان لە فڕۆكەخانەی هەولێر و سلێمانیش دەست پێ دەكەن.
مەناف عەبدولمونعیم بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای هێڵی ئاسمانی عێراق رایگەیاند: ئەمڕۆ یەكەم كاروانی مێوانانی ماڵی خودا بە ڕێگەی ئاسمانی لە فڕۆكەخانەی بەسڕە بەرەو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی محەمەد بن عەبدولعەزیز بەڕێ كرا.
هەروەها رایگەیاند: گەشتەكان بەشێوەیەكی گشتی لە فڕۆكەخانەكانی هەولێر، سلێمانی، بەغدا، بەسڕە، نەجەف بەرەو شارەكانی مەدینە و جدە ئەنجام دەدرێن.
راشیگەیاند: بەگوێرەی ئەو پلانەی داڕێژراوە، گەشتە ئاسمانییەكان بۆ وڵاتی سعوودییە بە مەبەستی گواستنەوەی حاجییان لە ئەمڕۆ هەینی تا رۆژی 17ی مانگ بەردەوام دەبن.
بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای هێڵی ئاسمانی عێراق ئاماژەی بەوەش دا: لە سەرەتادا رۆژانە 4 گەشت بۆ گواستنەوەی حاجییان ئەنجام دەدرێن، بەڵام دواتر لە گەشتەكان زیاد دەكرێن بۆ 5 تا 7 گەشت لە رۆژێكدا.
لەبارەی وادەی دەستپێكردنی گەشتەكان لە هەرێمی كوردستانەوە، پێشتر كاروان ستوونی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان رایگەیاندبوو: رۆژی 6ی 5 یەكەم كاروانی حاجییانی هەرێمی كوردستان بەرەو وڵاتی سعوودییە بەڕێ دەكەون.
كاروان ستوونی ئاماژەی بەوەشدابوو كە بڕیارە بۆ ئەمساڵ سەرجەم حاجییانی هەرێمی كوردستان كە ژمارەیان 5120 حاجییە، بەڕێگەی وشكانی و بە پاس بەرەو وڵاتی سعوودییە بەرێ بكرێن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.