وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند، ئێستا چەندین خزمەتگوزاری لە ئەپڵیكەیشنی پسوولەی خۆراكی ئەلیكترۆنی كارا كراوە و لە رۆژانی داهاتووش چەند خزمەتگوزارییەكی دیكە كارا دەكرێت.
محەمەد حەنوون گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند: پسوولەی خۆراكی ئەلیكترۆنی سەركەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە و ئێستا هاووڵاتییان دەتوانن بەچەند هەنگاوێكی كەم و ئاسان مامەڵەكانیان ڕایی بكەن.
محەمەد حەنوون راشیگەیاند: لە چەند رۆژی رابردوو هەریەكە لە خزمەتگوزاری سڕینەوە و لابردنی سڕینەوە و زیادكردنی منداڵ لە لە ئەپڵیكەیشنی پسوولەی خۆراكی ئەلیكترۆنی كارا كراوە.
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق ئاماژەی بەوەش دا: ئامادەكارییەكانمان تەواو كردووە بۆ كاراكردنی خزمەتگوزاری جیابوونەوە و گواستنەوە پسوولەی خۆراك و لە ماوەی هەفتەی داهاتوودا كارا دەكرێت، ئەنجامدانی ئەم خزمەتگوزارییەش 3 بۆ 4 هەزار دینار خەرجی دەبێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.