بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان، لەسەر فەرمانی وەزیری ناوخۆ، بڕیارێکی نوێی بۆ شۆفێرانی بارهەڵگر و ئامێرەکانی بیناسازی دەرکرد. بڕیارەکە بە مەبەستی ڕێگریکردن لە کارەساتی نەخوازراو و پاراستنی سەلامەتیی گشتی دراوە و لە ڕێکەوتی 28ی نیسانی 2026ەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە تێیدا ڕێکاری توند بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتەبەر.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی هاتوچۆی هەرێم، هەموو ئەو ئۆتۆمبێلە بارهەڵگر و ئامێرە بیناسازییانەی کێشیان لە 4 تەن زیاترە، قەدەغەیە بە "ژمارەی کاتی" کاری گواستنەوەی بار بکەن. ئەم شۆفێرانە تەنها ئەو کاتە ڕێگەی کارکردنیان پێ دەدرێت کە ژمارە کاتییەکەیان بە فەرمی تۆمار بکەن و تابلۆی تایبەت بە خۆیان وەربگرن. هاوکات جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئەو بارهەڵگرانەی پێشتر تۆمارکراون، دەبێت لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا پشکنینی ساڵانەی مەرجەکانی سەلامەتی ئەنجام بدەن، بۆ ئەوەی لە توندوتۆڵی و سەلامەتییان دڵنیا ببنەوە.
لە بەشێکی دیکەی ئاگادارییەکەدا هۆشداری دراوەتە شۆفێران کە هەر بارهەڵگرێک پابەندی مەرجەکانی سەلامەتی و تۆمارکردنی تابلۆ نەبێت، دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەیدا دەگیرێت و سزای دارایی قورسی بەسەردا دەسەپێندرێت. بۆ ئەم مەبەستەش، بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆ لە هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و مەفرەزەکانیان ڕاسپێردراون کە لە ڕۆژی دیاریکراوەوە دەست بە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە بکەن، بە ئامانجی کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی هاتوچۆ و ڕێکخستنەوەی کارکردنی ئۆتۆمبێلە قورسەکان لە هەرێمی کوردستاندا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.