یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند، نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی نوێی حزبوڵا "یاری بە ئاگر دەکات" و هۆشداریدا لەوەی ئەم ئاگرە نەک تەنیا ئەو حزبە، بەڵکو هەموو لوبنانیش دەسووتێنێت. ئەم لێدوانانەی کاتس وەک وەڵامێکی توندە بۆ وتەکانی ئەم دواییەی نەعیم قاسم، کە تێیدا جارێکی دیکە ڕەتیکردبووەوە بچنە ناو هیچ وتوێژێک لەگەڵ ئیسرائیل و بەڵێنی دابوو لە هێرشەکانیان بەردەوام بن.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ جێنین هێنیس پلاسخارت، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لوبنان، ئاماژەی بەوە کرد ئەگەر حکوومەتی لوبنان بەردەوام بێت لە پاراستنی حزبوڵا و حەواندنەوەی لەژێر باڵی خۆیدا، ئەوا ئاگرەکە هەڵدەگیرسێت و داری ئەرزی لوبنانیش دەسووتێنێت. کاتس جەختی کردەوە کە پاشەکهاتی هەر پەرەسەندنێکی سەربازیی زیاتر، لەسەر شانی حکومەتی لوبنان و حزبوڵڵا دەبێت، چونکە ڕێگەی دیپلۆماسییان ڕەتکردووەتەوە.
ئەم هەڕەشانەی ئیسرائیل لە کاتێکدایە، کە نەعیم قاسم لە وتارێکی نوێدا دووپاتی کردبووەوە کە لە وەڵامدانەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بەردەوام دەبن و ئامادەی دانوستان نین. لە ماوەی ڕابردوودا، ئاستی پێکدادانەکان لەسەر سنووری لوبنان و ئیسرائیل و هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، ئەمەش مەترسیی هەڵگیرسانی جەنگێکی سەرتاسەری و وێرانکەری لە ناوچەکەدا زیاتر کردووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.