وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، تەواوی نەخۆشخانەكانی هەرێمی كوردستان ئامادەن بۆ وەرگرتنی بریندارەكانی رووداوەكەی ئەمڕۆ یەكشەممەی شاری كەركووك كە بەهۆیەوە ژمارەیەك هاووڵاتی گیانیان لەدەست دا و ژمارەیەكی زۆری دیكەش بریندار بوون.
د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی رایگەیاند: تەواوی نەخۆشخانەكانی هەرێمی كوردستان ئامادەن بۆ وەرگرتنی بریندارەكانی ڕووداوەكەی شاری کەرکووک و ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکان.
هەروەها رایگەیاند: وەك وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان ئامادەین بۆ ناردنی تیمەکانی تەندروستی فریاگوزاری و دابینکردنی خوێن و دەرمان و پێداویستی پزیشکی و هەر پێویستییەکی دیكە".
ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە رووداوێكی گەورەی هاتوچۆ لەسەر رێگەی كەركووك – سلێمانی رووی دا، ئۆتۆمبێلێكی بارهەڵگری گواستنەوەی چیمەنتۆ كۆنتڕۆلی لەدەست دا و خۆی بە دەیان ئۆتۆمبێلی دیكەدا كێشا.
سەبارەت بە دوایین ئاماری قوربانییەكان، بنكەی پۆلیسی ئازادی تایبەت بۆ (كوردستان تیڤی) رایگەیاند: لە رووداوەكەی ئێوارەی ئەمڕۆی شاری كەركووك، 7 كەس گیانی لەدەستداوە، 25 كەس بریندار بوون.
ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئاماژەی بەوەش دا، ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكە بەشێوەیەكی گشتی خۆی كێشاوە بە 36 ئۆتۆمبێلی دیكەی هاووڵاتییان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.