وەزارەتی دادی ئەمریکا ڕایگەیاند کە کار دەکەن بۆ فراوانکردنی مەودای بەکارهێنانی
سزای لەسێدارەدان لە دۆسیە فیدراڵییەکاندا و چەندین شێوازی نوێش بۆ جێبەجێکردنی
سزاکە زیاد دەکەن، وەک گولەبارانکردن، شۆکی کارەبایی و هەڵمژینی گاز. تود بلانش،
وەزیری دادی ئەمریکا بەوەکالەت ئاماژەی بەوە کرد کە ئیدارەی پێشوو لە پاراستنی گەل
کەمترخەم بووە بەهۆی ڕەتکردنەوەی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بەسەر
مەترسیدارترین تاوانباراندا، بەڵام لە ژێر سەرکردایەتی دۆناڵد ترەمپ،
وەزارەتی داد دووبارە یاساکە جێبەجێ دەکاتەوە و پشتیوانی قوربانییان دەبێت.
دۆناڵد ترەمپ لە یەکەم ڕۆژی دەستبەکاربوونییەوە بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی، داوای
کردووە کە ئەم سزایە بۆ قێزەونترین تاوانەکان بەکاربهێنرێت، ئەمەش دوای ئەوە دێت
کە جۆ بایدن پێش بەجێهێشتنی کۆشکی سپی لە کانوونی دووەمی 2025، سزای
لەسێدارەدانی 37 زیندانی لە کۆی 40 زیندانی فیدراڵی کەمکردەوە. لە
ئێستادا تەنیا 3 تاوانبار سزاکەیان وەک خۆی لەسەر ماوەتەوە کە بریتین لە
ئەنجامدەرێکی تەقینەوەکەی ماراسۆنی بۆستن لە ساڵی 2013 و هێرشبەرێکی سەر
کەنیسەی جووەکان لە ساڵی 2018 و توندڕەوێکی سپی پێست کە 9 کەسی لە کەنیسەیەکی
ڕەشپێستەکان لە ساڵی 2015 کوشتووە.
سەبارەت بە شێوازەکانی جێبەجێکردنی سزاکە، لە ئێستادا 5 ویلایەت ڕێگە بە
گوللەبارانکردن دەدەن و 9 ویلایەتیش شۆکی کارەبایی بەکاردەهێنن، بەڵام
بەشێکی زۆری ئەم شێوازانە لە ساڵانی ڕابردوودا بەکارنەهێنراون. جێی ئاماژەیە کە
سزای لەسێدارەدان لە 23 ویلایەت لە کۆی 50 ویلایەتی ئەمریکا بەتەواوی
هەڵوەشاوەتەوە، بەڵام ئیدارەی نوێی ئەمریکا جەخت لە کاراکردنەوە و
فراوانکردنی سزاکە لەسەر ئاستی حکومەتی فیدراڵی دەکاتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.