Erbil 31°C شەممە 01 ئاب 18:12

وەزارەتی دارایی عێراق دەنگۆی هەڵوەشاندنەوەی 150 هەزار پلە وەزیفییەکە ڕەت دەکاتەوە

کوردستان TV
100%

وەزارەتی دارایی عێراق لە ڕوونکردنەوەیەکی فەرمیدا، سەرجەم ئەو هەواڵانەی ڕەتکردەوە کە باس لە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکانی بودجەی سێ ساڵە دەکەن، کە ژمارەیان 150 هەزار پلەی وەزیفییە. وەزارەت جەخت دەکاتەوە کە ئەم دەنگۆیانە بێبنەمان و دوورن لە ڕاستییەوە.

لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە، ئەو کێشەیەی دروستبووە تەنها پەیوەندی بە گرێبەستەکانی پارێزگای کەرکووکەوە هەیە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی پارێزگاکە تاوەکو ئێستا خشتە و زانیارییە پێویستەکانی بۆ فەرمانگەی بودجە ڕەوانە نەکردووە.

فەرمانگەی بودجە ئاماژەی بەوە کردووە کە نووسراوی فەرمیان ئاراستەی پارێزگای کەرکووک کردووە بۆ دڵنیابوونەوە لە ناوەڕۆکی گرێبەستی 7304 کەس. داواش کراوە بنەمای یاسایی دامەزراندن و فەرمانە کارگێڕییەکانی دەستبەکاربوونیان ڕەوانەی وەزارەت بکرێت، تاوەکو دڵنیایی بدرێت لەوەی ڕێکارەکان لەگەڵ یاسا و ڕێنماییەکاندا دەگونجێن.

وەزارەتی دارایی دووپاتی دەکاتەوە کە پابەندە بە تەواوکردنی ڕێکارەکان بەو مەرجەی لایەنە پەیوەندیدارەکان زانیارییە یاساییەکان بنێرن. هاوکات داوا لە هاووڵاتییان دەکات نەکەونە ژێر کاریگەری پڕوپاگەندەی میدیایی و تەنها پشت بە سەرچاوە و پلاتفۆرمە فەرمییەکانی وەزارەت ببەستن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.