پاشنيوهڕۆى ئەمڕۆ هەینی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە میانی کارنامەکەیدا لە کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئانتالیا، لەگەڵ هامیش فالکۆنەر وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ کاروباری دەرەوە کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ بەریتانیا، دوایین پێشهاتەکانی دۆخی سیاسی و پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەت لە عێراق و هەرێمی کوردستان تاوتوێ کران. هەردوولا جەختیان لە گرنگیی تەبایی و یەکڕیزیی لایەنە کوردستانییەکان کردەوە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان و تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەکان.
تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە، دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە و لێکەوتەکانی شەڕ و ڕەوشی سووریا بوو. لەمبارەیەوە وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا سوپاسی ڕۆڵی ئەرێنیی نێچیرڤان بارزانی کرد لە هەوڵەکانی بۆ چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری لە عێراق و سووریا.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە تەنیا لە ڕێگەی دیپلۆماسی و ئاشتییەوە دەتوانرێت کێشەکان چارەسەر بکرێن و ناوچەکە لە مەترسیی پێکدادانی زیاتر بپارێزرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.