سەرپەرشتیاریی تۆماری بایۆمەتری لە پارێزگای دهۆک، هاووڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە کە گۆڕانکاری لە پێداویستییەکانی وەرگرتنی کۆدی (UPN) بۆ پڕۆژەی کەمدرامەتان کراوە و جەخت دەکاتەوە کە لە قۆناغی یەکەمدا پڕۆژەکە تەنیا سەنتەری شاری دهۆک دەگرێتەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، پێویستە هاووڵاتییان بۆ وەرگرتنی UPN ئەم بەڵگەنامە ئەسڵییانەیان پێ بێت: (کارتی زانیاریی دهۆک، کارتی نیشتمانی، لەگەڵ کارتی زانیاریی خۆراک کە ناوی خێزانی تێدا بێت). هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە لە ئێستادا بەڕێوەبەرایەتیی پاراستنی تۆڕی کۆمەڵایەتی لە ئێتیت و بانکی ماڵتا لە خزمەتی هاووڵاتییاندایە، بڕیاریشە ڕۆژی یەکشەممە بنکەیەکی دیکە بۆ هەمان مەبەست بکرێتەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا دوو تێبینی گرنگ خراونەتە ڕوو؛ یەکەمیان، هەر هاووڵاتییەک مۆڵەتی نوێی شۆفێریی هەبێت، پێویستی بە دروستکردنی (UPN) نییە، چونکە کۆدەکە لەسەر مۆڵەتەکەی هەیە. دووەمیان، سەبارەت بەو هاووڵاتیانەی دانیشتووی ناوچەکانی ماددەی 140ن و لە دهۆک نیشتەجێن، پێویستە سەرەڕای کارتی نیشتمانی و کارتی زانیاری، پشتگیریی موختاری گەڕەکیشیان پێ بێت.
جێی ئاماژەیە، پڕۆژەی کەمدرامەتان یەکێکە لە هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ڕێکخستنی هاوکارییەکان لە ڕێگەی سیستەمی بایۆمەتری و کۆدی تایبەتی (UPN)، تاوەکو هاوکارییەکان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و شەفاف بگاتە دەستی ئەو خێزانانەی کە شایستەن. پرۆسەی بایۆمەتری لە هەرێمی کوردستان ماوەیەکە دەستی پێکردووە و ئامانج لێی دروستکردنی بنکەیەکی زانیاریی وردە بۆ سەرجەم خزمەتگوزارییە گشتییەکان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.