Erbil 31°C ھەینی 19 حوزەیران 12:50

وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم بڕی گەنمی دیاریکراو لەلایەن بەغداوە ڕەت دەکاتەوە

کوردستان TV
100%

لێژنەی تایبەتمەند لە هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی وەزارەتی کشتوکاڵ، بڕی ئەو گەنمەی کە لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە بۆ جوتیارانی هەرێم دیاریکراوە ڕەتکردەوە و بە "ناواقعی" و "نازانستی" ناوی برد.

حکوومەتی فیدراڵی عێراق بڕی تەنها 292 هەزار تۆن گەنمی بۆ جوتیارانی هەرێمی کوردستان دیاریکردووە تاوەکو لە سایلۆکان وەربگیرێت، ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەمساڵ زیاتر لە 3 ملیۆن دۆنم زەوی بە گەنم داچێنراوە و بەهۆی زۆریی ڕێژەی بارانبارینەوە، پێشبینی دەکرێت بەرهەمی ئەمساڵی هەرێم بگاتە نێوان 1.5 بۆ 2 ملیۆن تۆن.

لێژنەی تایبەتمەند جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە مافی جوتیارانی هەرێمی کوردستان هەمان ئەو مافە بێت کە بۆ جوتیارانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق فەراهەم کراوە لە پرۆسەی بەبازاڕکردن و وەرگرتنەوەی گەنم لە سایلۆکان. ئاماژەیان بەوەش دا، ئەو پێوەرانەی بەغدا دایناون "نازانستی و ناواقیعیین"، هەربۆیە بە فەرمی ناوەڕۆکی ئەو پێشنیارەیان ڕەتکردووەتەوە کە دراوەتە هەرێمی کوردستان.

جێی ئاماژەیە، ساڵانە پرسی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە دەبێتە جێی مشتومڕ، بەهۆی ئەوەی بەغدا ڕێژەیەکی دیاریکراو وەردەگرێت کە زۆر کەمترە لە ئاستی بەرهەمی ناوخۆیی، ئەمەش ساڵانە بارگرانی و زیانێکی زۆری دارایی بۆ جوتیارانی هەرێم دروست دەکات و ناچار دەبن گەنمەکانیان بە نرخێکی هەرزانتر لە بازاڕەکاندا بفرۆشن.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.