ئەمڕۆ چوارشەممە، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا بایکۆتکردنی کۆبوونەوەی بڕیارلێدراوی سبەی (16ی نیسان)ی ئەنجومەنەکەی ڕاگەیاند.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، ئەم بڕیارە هەڵوێستێکی نەتەوەییە و درێژەی بایکۆتەکانی پێشووە، چونکە پارتی بڕوای وایە بڕیاردان لەسەر چارەنووسی کەرکووک لە ژوورە تاریکەکاندا، زیان بە پێکەوەژیان و دەستکەوتە نەتەوەییەکان دەگەیەنێت. فراکسیۆنی پارتی جەختی کردووەتەوە کە ئامادە نین ببنە بەشێک لە پڕۆسەیەک کە تێیدا نوێنەرانی شەرعی پەراوێز بخرێن و بڕیارەکان لە دەرەوەی ئیرادەی خەڵک بسەپێندرێن.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، فراکسیۆنەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە پارتی وەک هەمیشە ئامادەیە باجی کوردایەتی بدات و سازش لەسەر مافە نەتەوەییەکان ناکات، وەرگرتنی پۆستیش بەلاوە گرنگ نییە ئەگەر باجەکەی پاشکۆیەتی و بێدەنگبوون بێت، چونکە ئەوان تەنها پشتگیری لە تەباییەکی وا دەکەن کە مافی هەمووان بە دادپەروەری بپارێزێت و کەرامەتی هاووڵاتییانی کەرکووک لە سەروو هەموو شتێکەوە دابنێت.
جێی ئاماژەیە، دۆخی سیاسیی کەرکووک لە دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانەوە چەندین ئاڵۆزی و ناکۆکی بەخۆوە بینیوە، بەتایبەت لە پرسی پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێی و دابەشکردنی پۆستە باڵاکانی پارێزگاکە. پارتی دیموکراتی کوردستان پێشتر چەندین جار تێبینی و ناڕەزایەتی خۆی لەسەر شێوازی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکان و ڕێککەوتنە سیاسییەکان دەربڕیوە، جەختیشی لەسەر پێویستیی ڕێککەوتنێکی گشتگیر کردووەتەوە کە بەرژەوەندی ڕاستەقینەی هەموو پێکهاتەکانی کەرکووک لەبەرچاو بگرێت و ڕێگری لە هەر هەوڵێک بکات بۆ سەپاندنی ئیرادەی سیاسیی لایەنێکی دیاریکراو بەسەر شارەکەدا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.