ئەمڕۆ چوارشەممە، تاران پێشوازی لە شاندێکی باڵای پاکستان بە سەرۆکایەتی عاسم مونیر، سوپاسالاری ئەو وڵاتە کرد، کە هەڵگری پەیامێکی نوێی ئەمریکایە بۆ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
میدیای فەرمی ئێران بڵاویکردەوە، بڕیارە شاندەکە لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆببێتەوە. ئاماژە بەوەش کراوە کە پەیوەندییەکانی نێوان تاران و واشنتن لە ڕێگەی ئیسلام ئابادەوە بەردەوامییان هەیە، بەتایبەت دوای ئەوەی گفتوگۆکانی کۆتایی هەفتەی ڕابردوو بێ ئەنجام بوون.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران ڕایگەیاند، شاندە پاکستانییەکە پەیامێکی نوێی واشنتنیان پێیە و لەگەڵ بەرپرسانی تاران گفتوگۆ لەسەر چارەنووس و شێوازی دانوستانەکانی داهاتوو دەکەن، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک بۆ ئەو چەقبەستووییەی لە پەیوەندییەکانی هەردوولادا دروست بووە.
نێوەندگیریی پاکستان لە نێوان ئێران و ئەمریکا دۆسێیەکی نوێ نییە و ئیسلام ئاباد چەندین جار ڕۆڵی گەیاندنی پەیامە ناڕەسمییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی گێڕاوە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان. ئەم سەردانە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لە بارودۆخێکی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت و هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ ڕێگریکردن لە پێکدادانی ڕاستەوخۆ لە نێوان تاران و واشنتن چڕبوونەتەوە، بەتایبەت لە کاتێکدا کە دۆسیەی ئەتۆمی و سزاکانی ئەمریکا هێشتا وەک ئاستەنگی گەورە لە بەردەم ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان و سەقامگیری ناوچەکەدا ماونەتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.