Erbil 31°C ھەینی 19 حوزەیران 12:49

لە تورکیا؛ قوتابییەک لە ناو قوتابخانەکەیدا کۆمەڵکوژی ئەنجام دا و پاشان کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ چوارشەممە، لە ئەنجامی تەقەکردن لە ناو قوتابخانەیەک لە پارێزگای مەڕەش لە باشووری تورکیا، 4 کەس کوژران کە سێیان قوتابین و 20 کەسی دیکەش بریندار بوون، کە باری تەندروستی 4 لە بریندارەکان ناجێگیرە.

موکرەم ئۆنلوێر، پارێزگاری مەڕەش بە میدیاکانی ڕاگەیاند، هێرشبەرەکە قوتابییەکی تەمەن 13 بۆ 14 ساڵانە و کوڕی پۆلیسێکی خانەنشینە، چەکی باوکی لە ناو جانتاکەیدا بردووەتە ناو قوتابخانەکە و لە ناو دوو پۆلدا کە تەمەنی قوتابییەکانی نزیکەی 10 ساڵان بووە، بە شێوەیەکی هەڕەمەکی تەقەی کردووە، لە ئەنجامدا مامۆستایەک و 3 قوتابی کوژراون.

پارێزگار ئاماژەی بەوەش کرد، تەقەکەرەکە دوای ئەنجامدانی تاوانەکە، دەستبەجێ بە چەکەکەی دەستی "تەقەی لە خۆی کردووە" و کوژراوە، بەڵام تا ئێستا ڕوون نییە کە ئایا خۆی کوشتووە یان لە ناو ئەو پشێوییەدا بە هەڵە فیشەک بە خۆیەوە ناوە.

لە کاردانەوەی ئەم ڕووداوەدا، وەزیری دادی تورکیا ڕایگەیاند کە لێکۆڵینەوەیەکی ورد لە ڕووداوەکە دەستی پێکردووە. هاوکات ئەنجومەنی باڵای ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی تورکیا (RTÜK) بڕیاری دا بە قەدەغەکردنی نیشاندانی هەر دیمەن و ڤیدیۆیەکی ڕووداوەکە لە کەناڵە تەلەفزیۆنییەکاندا، بە مەبەستی پاراستنی باری دەروونی کۆمەڵگە و کەسوکاری قوربانییان.

بەپێی ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەی لە ئاژانسە هەواڵییەکان بڵاوبوونەتەوە، دیمەنی دڵتەزێنی کەسوکاری قوتابییەکان لەبەردەم قوتابخانەکە دەبینرێت کە لە دڵەڕاوکێیەکی زۆردان و تیمەکانی فریاکەوتنیش خەریکی گواستنەوەی قوربانییانن بۆ نەخۆشخانە.

ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە، کە تەنیا ڕۆژێک پێشتر لە ویلایەتی ڕحا (شانلی ئۆرفا) مێردمنداڵێکی دیکە بە چەکی ڕاو هێرشی کردە سەر قوتابخانەیەک و 16 کەسی بریندار کرد. هەرچەندە ئەم جۆرە ڕووداوانە لە تورکیا دەگمەنن، بەڵام ئامارەکان ئاماژە بە بوونی ملیۆنان پارچە چەکی بێ مۆڵەت لە ناوخۆی ئەو وڵاتەدا دەکەن، کە بووەتە جێگەی نیگەرانی چاودێران.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.