حکوومەتی ژاپۆن بەڵێنی دا بە بڕی 10 ملیار دۆلار هاوکاری دارایی پێشکەشی ئابووریی وڵاتانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا بکات، ئەمەش لە کاتێکدایە کە تەنگژەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست مەترسییان لەسەر توانای تۆکیۆ بۆ دابینکردنی پێداویستییە پزیشکییە گرنگەکان دروست کردووە.
ژاپۆن لە چوارچێوەی دەستپێشخەرییەکدا بە ناوی "Power Asia"، بڕی 1.6 تریلیۆن یەن (کە یەکسانە بە 10 ملیار دۆلار) دەبەخشێتە وڵاتانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، بە ئامانجی بەهێزکردنی زنجیرەی دابینکردنی وزە و یارمەتیدانی ئەو وڵاتانە بۆ چاکترکردنی پرۆسەی دابینکردنی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکان.
سانای تاکایچی، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن، دوای لووتکەیەکی ڤێرچواڵ لەگەڵ وڵاتانی کۆمەڵەی (ئا ASEAN) ڕایگەیاند، وڵاتەکەی بۆ دابینکردنی پێداویستییە پزیشکییەکان، وەک ئامێرەکانی شۆردنی گورچیلە و دەستکێشی نەشتەرگەری، پشت بە وڵاتانی ئاسیا دەبەستێت. ئاماژەی بەوەش کرد، کار دەکەن بۆ بنیاتنانی چوارچێوەیەکی بەهێز بۆ وزە و کانزا گرنگەکان تاوەکو هەموو ئاسیا پێکەوە بەهێزتر و گەشەسەندووتر بن.
ئەم هەنگاوەی تۆکیۆ وەک هەوڵێک دەبینرێت بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستنی تەواوەتی بە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لەم دواییانەدا بەهۆی ئاڵۆزییە سەربازی و سیاسییەکانەوە، سەقامگیری هەناردەکردنی وزە و ماددە خاوەکانی تێدا کەوتووەتە مەترسییەوە. ژاپۆن کە زۆربەی وزە و ماددە سەرەتاییەکانی پیشەسازییەکەی لە دەرەوە هاوردە دەکات، دەیەوێت لە ڕێگەی ئەم وەبەرهێنانە گەورەیەوە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، سەرچاوەکانی دابینکردنی وزە هەمەجۆر بکات و گەرەنتی بەردەوامیی کەرتی تەندروستی و پیشەسازییەکەی بکات لە کاتی هەر قەیرانێکی جیهانیدا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.