Erbil 31°C پێنجشەممە 13 ئاب 05:54

وەزارەتی ناوخۆ بڕیاری لێخۆشبوونی نوێی دەركرد

کوردستان TV
100%

وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ سێشەممە چەند بڕیارێكی نوێی سەبارەت بە سزای بەسەرچوونی نشینگە و ڤیزای کەسانی بیانی دەركرد كە بەهۆی بارودۆخی شەڕی ئەمریكا و ئیسرائیل و ئێران مامەڵەكانیان دواكەوتووە.

وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند: بە مەبەستی هاوکاریکردن و کارئاسانی بۆ ئەو بیانییانەی بەهۆی بارودۆخی شەڕەوە نەیانتوانیوە گەشت بکەن یان نشینگەکانیان نوێ بکەنەوە، بڕیاری دا بە لێخۆشبوونی لە سزای دارایی بەمشێوەیەی خوارەوە:-

یەکەم/ بۆ ئەوانەی نشینگەیان بەسەرچووە و لە دەرەوەی هەرێمن:-

ئەوانەی لە دوای 28ی شوباتی 2026 نشینگەکەیان بەسەرچووە، دەتوانن تا 30ـی نیسانی 2026 بە هەمان کارت بگەڕێنەوە هەرێم و بێ سزا نشینگەکەیان نوێ بکەنەوە. دوای ئەم ڕێکەوتە پێویستیان بە ڤیزای نوێ دەبێت.

دووەم/ بۆ ئەوانەی دەیانەوێت گەشتی دەرەوە بکەن:-

ئەو بیانییانەی نشینگە یان پاسپۆرتەکەیان بەسەرچووە و نەیانتوانیوە گەشت بکەن، تا 30ـی نیسانی 2026 دەتوانن بەبێ پێدانی سزای دارایی مۆری دەرچوون وەربگرن و گەشت بکەن. هەروەها ئەو کەسانەی کە بەڵگەیان هەیە کە مامەڵەی پاسپۆرتیان بەهۆی شەڕەوە دواکەوتووە، لە سزا دەبوورێن.

سێیەم/ بۆ گەشتیاران خاوەن ڤیزا:-

ئەو گەشتیارانەی لە دوای 28ـی شوباتی 2026 ڤیزاکەیان بەسەرچووە، دەتوانن تا 30ـی نیسانی 2026 بەبێ سزا لە فڕۆکەخانە و دەروازەکانەوە بچنە دەرەوە. ئەوانەشی دەیانەوێت ڤیزاکەیان بگۆڕن بۆ نشینگە، بەبێ سزا و بەپێی ڕێنماییەکان مامەڵەیان بۆ دەکرێت.

ئەم بڕیارانە تەنها تا کۆتایی مانگی نیسانی 2026 کاری پێ دەکرێت، بۆیە پێویستە لە کاتی دیاریکراودا سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەیوەندیدار بکەن بۆ ڕاییکردنی مامەڵەکانتان.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.