بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر ئاگاداری هاووڵاتییان دەكاتەوە، لە هەر گەڕەك و شوێنێك ماتۆڕسكیلی دەنگی بەرز و هەراسانكەر و بێزاركەرتان بینی پەیوەندییان پێوە بكەن بۆ ئەوەی دەستی بەسەردا بگرن.
هاتوچۆی هەولێر لە ئاگادارییەكدا رایگەیاند: شەوانە مەفرەزەکانی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر دەستبەسەر هەموو ئەو ماتۆڕسكیلانە دەگرن کە بێ تابلۆ و دەنگبەرز و بێزارکەرن و بوونەتە هۆی هەراسانکردنی هاووڵاتییان، هەروەها لەسەر شەقامەکان مانۆڕ و سەرکێشی دەکەن و ژیانی خۆیان و بەکارهێنەرانی دیکەی شەقام دەخەنە بەر مەترسییەوە.
راشیگەیاند: داوا لە دایک و باوکانی خۆشەویست دەکەین پارەی خۆیان بەفیڕۆ نەدەن و ئەو جۆرە ماتۆڕسكیلانە بۆ منداڵە هەرزەکارەکانیان نەکڕن، چونکە دەستیان بەسەردا دەگیرێت.
هاتوچۆی هەولێر هەروەها رایگەیاند: داوا لە هاووڵاتییانی شارەکەمان دەکەین لە هەر گەڕەک و شوێنێک ماتۆرسوار و مانۆڕی هەراسانکاریان بینی، بەم ژمارە تەلەفونەی بەرێوەبەرایەتیمان لەسەر وەتسئاپ (07506009545) لووکەیشنی شوێنەکە ڕەوانە بکەن تا تیمەکان رەوانە بکەین بۆ ئەنجامدانی رێکاری یاسایی.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.