بەهۆی بەردەوامیی بارانبارین و بەرزبوونەوەی ڕێژەی شێ، مەترسیی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی "ژەنگ" لەناو کێڵگە گەنمەکانی سنووری قەزای مەخموور و ناحیەی قەراج و کەندێناوە سەریهەڵداوە و جووتیارانی دەڤەرەکەش نیگەرانیی خۆیان لە ئەگەری کەمبوونەوەی بەرهەمەکانیان دەردەبڕن.
شارەزایانی کشتوکاڵی ئاماژە بەوە دەکەن کە ناسەقامگیریی کەشوهەوا، بەتایبەت گەرمبوونی ڕۆژ و ساردبوونی شەو لەگەڵ کەمبوونەوەی تیشکی خۆر، ژینگەیەکی گونجاوی بۆ گەشەکردنی ئەم جۆرە نەخۆشییە دروست کردووە. پێشبینی دەکرێت ئەگەر نەخۆشییەکە بە خێرایی بڵاوببێتەوە، ببێتە هۆی لەدەستدانی نزیکەی 20%ی کۆی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ لەو ناوچانەدا.
مەروان حوسێن، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی مەخموور بە کوردستان تیڤی ڕایگەیاند: "ئێمە لە ئامادەباشی تەواوداین و لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کشتوکاڵی هەولێر و نەینەواوە چاودێری دۆخەکە دەکەین. داوا لە جووتیارانی سنوورەکە دەکەین لە کاتی بینینی هەر نیشانەیەکی نەخۆشیی ژەنگ، دەستبەجێ سەردانی بنکە کشتوکاڵییەکان بکەن بۆ وەرگرتنی ڕێنمایی و دەرمانی پێویست تاوەکو ڕێگری لە تەشەنەسەندنی زیاتری نەخۆشییەکە بگیرێت."
لە لایەکی دیکەوە، جووتیارانی دەڤەرەکە ئاماژە بەوە دەکەن کە سەرەڕای ئەوەی ئەمساڵ بەهۆی زۆریی ڕێژەی بارانبارینەوە بەرهەمێکی باش چاوەڕوان دەکرێت، بەڵام هەبوونی شێی زۆر و دەرکەوتنی نیشانەکانی ژەنگ لە هەندێک پارچە زەویدا، وای کردووە جووتیاران بەردەوام لە دڵەڕاوکێدا بن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.