کەشتیوانانی ئەرکی ئاسمانیی (ئارتەمیس 2) کە لە گەشتێکی مێژوویی بۆ دەوری مانگ دەگەڕێنەوە، گەیشتنە نیوەی ڕێگای نێوان مانگ و زەوی و بڕیارە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا بگەنەوە نێو بەرگەهەوای زەوی.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەمریکا (ناسا)، بڕیارە کەشتییەکە لە کاتژمێر 8:07ی ئێوارەی هەینی بەکاتی ڕۆژهەڵاتی ئەمریکا (کە دەکاتە بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە بەکاتی هەرێمی کوردستان)، لە نێو ئاوەکانی ئۆقیانووسی هێمن و لە نزیک کەناراوەکانی (سان دیێگۆ) بنیشێتەوە.
ئاژانسی ناسا ئاماژەی بەوە کردووە، کە کەشتیوانەکان لە ئێستادا نیوەی ڕێگای گەڕانەوەیان بۆ ماڵەوە بڕیوە و هەموو ئامادەکارییەک کراوە بۆ پێشوازیکردن لێیان لە کاتی نیشتنەوەیان لەنێو ئاوەکاندا.
ئەم گەشتەی (ئارتەمیس 2) بە یەکێک لە گرنگترین هەنگاوەکانی ناسا دادەنرێت بۆ دووبارە جێگیرکردنەوەی مرۆڤ لەسەر ڕووی مانگ، کە دوای زیاتر لە نیو سەدە ئەمە یەکەمین گەشتی مرۆڤ بوو بۆ خولگەی مانگ و گەڕانەوەیان بۆ زەوی.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.