Erbil 31°C دووشەممە 22 حوزەیران 12:38

چین و کۆریای باکوور هەماهەنگییەکانیان لەسەر پرسە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان بەهێزتر دەکەن

کوردستان TV
100%

وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین، لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ کیم جۆنگ ئون، ڕێبەری کۆریای باکوور، داوای کرد هەماهەنگییەکانی نێوان هەردوو وڵات لەبارەی پرسە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان بەهێزتر بکرێت.

میدیای فەرمی چین بڵاویکردەوە، سەردانەکەی وانگ یی بۆ پیۆنگ یانگ کە دوو ڕۆژ دەخایەنێت، یەکەم سەردانی ناوبراوە لە دوای ساڵی 2019ەوە. ئامانجی ئەم سەردانە برەودانە بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان ئەو دوو دراوسێیەی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، بەتایبەت دوای دەستپێکردنەوەی گەشتە بازرگانی و گواستنەوەکانی نێوان هەردوو وڵات کە بەهۆی پەتای کۆرۆناوە پەکخرابوون.

ئاژانسی هەواڵی (شینخوا)ی فەرمی چین ئاماژەی بەوە کرد، وانگ یی لە کۆبوونەوەکەدا بە ڕێبەری کۆریای باکووری ڕاگەیاندووە: "پێویستە چین و کۆریای باکوور، لەپاڵ پاراستنی سەروەری و ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی گەشەپێدانیان، هەماهەنگی و پەیوەندییەکانیان لەسەر پرسە گەورە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان چڕتر بکەنەوە."

وەزیری دەرەوەی چین جەختیشی کردەوە، وڵاتەکەی ئامادەیە کار لەگەڵ کۆریای باکوور بکات بۆ پاراستنی پەیوەندییەکی نزیک و برەودان بە هاوکارییەکان، تاوەکو مۆدێلێکی نوێ و سەردەمیانە بدەنە ئەو دۆستایەتییە مێژووییەی کە لە نێوان هەردوو وڵاتدا هەیە.

ئەم سەردانەی وەزیری دەرەوەی چین لە کاتێکدایە، کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هەوڵەکانی بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ ئاستبەرزەکان لەگەڵ پیۆنگ یانگ چڕکردووەتەوە، هاوکات باس لە ئەگەری بەڕێوەچوونی لوتکەیەکی نوێ لە نێوان ترەمپ و کیم جۆنگ ئون دەکرێت لەمساڵدا.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.