Erbil 31°C چوارشەممە 10 حوزەیران 22:13

سەفین عەبدولڕەزاق؛ دەروێشە ماندوونەناسەکەی مۆسیقای کۆیە و پارێزەری ڕەسەنایەتی

کوردستان TV
100%

 

هەڵبەت ئاوڕدانەوە یان دیدار و نووسینەوەى ژیانى هونەریی هەریەکێک لە هونەرمەندە دیار ودڵسۆزەکانى نەتەوەکەمان، بێگومان سوودێکى مەزن دەبەخشن بەئەرشیف و گەنجینەى هونەرى ئاواز و موزیک و گۆرانى کوردى، ئەوەى منیش مەبەستمە لەم دیدار و ڕۆچوونە نێو ژیانى کۆمەڵایەتى و هونەریی ئەو هونەرمەندانە تۆمارکردنى یادەوەرییە شیرینەکانیانە و تالەژیاندان ببینن لەلایەن نەتەوەکەیەوە ڕێزو حورمەت بۆ کەسایەتى و هونەرەکەیی دادەنرێت و بەچاوى ڕێزەوە لێی دەڕوانن، بەڵام کاتێک  ژیانئاواییمان لێدەکەن و ڕازەکانیان دەبەنە ژێر گڵ هەرچییەک دەربارەیان بووترێت یان بنووسرێت بێکەڵکە و بەهایەکى ئەوتۆى نابێـت، لێرەوە دەڵێم ئەوە ئەرکى هەمووانە ئەو ئەدیب و نووسەر و شاعیر و هونەرمەندانە تالەژیاندان مێژووى تێکۆشانى چەندین ساڵەیان بۆنەتەوەکەیان بخەینە سەرکاغەزو ببێتە بەڵگە و دیکۆمێنت .
ئەمجارەش ڕوودەکەمەوە وراتى( کۆیە) و لەوپێگە جوگرافیا بچووکە..! بەڵام دەوڵەمەند و لێوانلێو لە جوانیەکانى ژیان و ئەدەب و شیعر و هونەر، وراتى کۆیە سەرەڕاى ئەو نووسەر و شاعیرە بەرزانەى نەتەوەکەمان، لەڕووى هونەرى ئاواز و مۆسیقاوە تژییە لەگەرووى پاک و پڕ سۆزو هەستبزوێن و دەیان دەست و پەنجەو سینە پڕى بوارى ئاواز و ژەنینى ئامێرەکانى موزیک .
یەکێک لەو هونەرمەندە ماندووەى ڕێگاى پیرۆزى هونەر و شەو ڕۆژى خستۆتە سەریەک بۆ سەرکەوتن و پێشخستنى هونەر لە شارى کۆیەى هەمیشە جوان ،شارەکەى (مه‌لاى گه‌وره‌، حاجى قادرى كۆيي، ئه‌مين ئاغاى ئه‌خته‌ر، دڵدار، عه‌ونى، مه‌سعود محه‌مه‌د،سێوه‌، ئه‌حمه‌دی حه‌مه‌ مه‌لا، تايه‌رتۆفيق، باكوورى، خاليد دلێر، سه‌ردار ئه‌حمه‌د، كه‌ريم شاره‌زا،مه‌جيد ئاسنگه‌ر، جه‌لال جۆبار، زاهیر محەمەد،وريا ئه‌حمه‌د و قوبادى جه‌لى زاده‌ و ڕۆسته‌م ئاغاله‌ ،،،،تاد)
   ئەویش هونەرمەندێکە مێژوویەکى بەرزو پڕ بەخششى هەیە، هونەرمەندى ژەنیار ( سەفین عەبدولڕەزاق) ە.  
 هونەرمەند سەفین عەبدولڕەزاق و قۆناغەکانى ژیانى ...!   
هەریەکێک لەگەڕەکە دێرینەکانى شارى کۆیە زێدى چەندین کەسایەتى نێودارى نەتەوەکەمانە، هونەرمەند سەفین عەبدولڕەزاق لەگەڕەکى قەڵاتى مەڵبەندە زیندووەکەى ئەدەب و هونەر و هەستى نەتەوایەتى شارى کۆیە، لەڕێکەوتى ( 2/3/1966) لەخانەوادەیەکى ناودار و تێکۆشەر و پەروەردەیی و هونەردۆست چاوى بەدنیا هەڵهێناوە، 
پێکهاتەى خانەوادەیی هونەرمەند بریتیە  لەدایک و باوک و چوار براو خوشکێک.
باوکى هونەرمەند یەکێک بووە لەمامۆستادڵسۆزو کوردپەروەرەکانى شارى کۆیەو چەندین نەوەى پێگەیاندووە، هونەرمەند سەفین عەبدولڕەزاق بەوشێوەیە دایک و باوکى یمان پێدەناسێنێ :
( باوکم کەسایەتیەکی پەروەردەیی و نیشتیمان پەروەر، یەکێک بووە لە بەڕێوەبەرە کۆنەکانی قوتابخانەکانی کۆیە لە سەردەمی زێڕین کە ناو و ناوبانگی بە باشی و زیرەکی و نیشتیمان پەروەری و چاونەترسی و بوێر لەسەردەمی ڕژێمى بەعس دەرکردووە، چەندین جار گیراوە بەهۆی خۆپیشاندان و بەرگری کردن لە بزاڤی نەتەوەی کورد، دایکیشم کەسێکی هەست ناسک و پاک و بێگەرد و نیشتیمان پەروەر و دەست ڕەنگین و دەنگ خۆش بەتایبەتی لە لاواندنە و لایلایەى منداڵان و شیعری زۆرى شاعیرە ناودارەکانى لەبەر بوو بەگۆرانی و لاواندنەوە بۆمانى دەچڕى و بەهەست و ڕۆحمانى ئاشنادەکرد، ڕۆحیان شادبێت).
هونەرمەند دەستپێکى پەروەردەو فێرکردنى لەقوتابخانەى (زانستى) سەرەتایی بووە ، پاشان قۆناغى ناوەندى ، لەدواناوەندى( حاجى قادر) تەواو کردووە، لەساڵى (1981) لەپەیمانگاى هونەرە جوانەکانى موسڵ بەشى مۆسیقا وەرگیراوە، لەساڵى ( 1987) بڕوانامەى دبلۆمى بەپلەى (نایاب) وەرگرتووە.
لەڕێی چەند پرسیارێکەوە هونەرمەند سەفین عەبدولڕەزاق مان دوواند و بەهێمنى و بەڕاشکاوى وەڵامى پرسیارەکانى داینەوە.
پرسیار : پسپۆرییەکەتان هەرلەدەستپێکى پەیمانگاوە  ئامێرى (کلارنێت) بوو یان ئامێرێکى دیکە بوو؟
سەفین عەبدولڕەزاق : لەپەیمانگاى هونەرە جوانەکانى موسڵ لەبەرئەوەى بەشی ئامێرى( کلارنێت) نەبوو..! ناوم لەسەر ئامێری (عود) نووسرا، وە ئامێرى (فلوت) یشم دەژەنی ،  دواتر کلارنێتێکی شکاوی خراپم لە پەیمانگا وەرگرت، بەبۆچوونى خۆم هى سەردەمى مەلیکی بوو هەمووی تەقیبوو بۆخۆم هەموو ڕۆژێ دەستم تێیدابوو، زۆرم زەحمەت پێیەوە کێشا تا تۆنێکم دەردەهێنا دڵم دەتۆقی،زۆر ماندووی کردم بەڵام لەدوایی وای لێهات منی کردە مامۆستا و وەستای کلارنێت، ئەوەندە خۆم پێوە خەریک کرد تا کلارنێتە کۆنەم چاکرد ئەوجا ڕیشەم بۆ پەیدانەدەبوو سەرۆکی بەشی موزیکمان مامۆستا (ئیسماعیل) بوو، مامۆستایەکی زۆر زیرەک بوو بەتایبەتی لە موشحات و ڕیتم دەرچووی پەیمانگاى هونەرە جوانەکانى بەغدا بوو بەشی کلارنێت، بەڵام چونکە بارى تەندروستى باش نەبوو( گورچیلە _ کلیەکی) دەرهاتبوو نەیدەتوانی کلارنێت بژەنێ چونکە تاقەتی دەویست، بەخێرێ خۆی ڕیشەیەکی بۆ هێنام بۆی لەسەر کلارنێتەکە دانام بۆ یەکەم جار کەدیتم چۆن بەکاردێ یەکەم وانە و دوا وانەم بوو لای ئەم مامۆستابەڕێزە لەسەر ئامێری کلارنێت، دەبێت ئەوەش بڵێم من لەسەرەتا لەسەر فلوت بووم ئێمە لەکۆیە شەش حەوت ژەنیاری فلوت بووین زۆر باشیش بووین کاک (هەژار حەمە علی) کە ژەنیارى ئامێرى کەمان و سەرۆکی گرووپەکەمان بوو، پێشنیازی پێکردم کە بچمە سەر ئامێری کلارنێت بۆئەوەى ئامێرێکی نوێ بۆ تیپەکەمان زیاد ببێت، پێشنیازەکەی زۆر جوان و لەجێگای خۆیدا بوو، منیش دەستم پێکرد مامۆستای کلارنێتم نەبوو بۆخۆم لەفلوت دەنگێکم لێدەدا و لەکلارنێتەکە دەمدیتەوە و لەمێشکی خۆم تۆنێکم بەرز دەکردەوە بیستبووم کە کلارنێت تۆنێک بەرزترە لە ئامێرەکانی تر لەساڵی دووەمى پەیمانگا بووم بە ژەنیارێکی ژیکەڵەی کلارنێت،
تا بووم بە ژەنیاری ئۆرکێسترای پەیمانگا و تیپی مۆسیقای تەلەفزیۆنى موصڵ و تیپی یەکێتی ژنانی موصڵ و تیپی یەکێتی کرێکارانی موصڵ ، هەروەها لە ماڵی هونەر ( دار الفنون ) بووم بە وانەبێژ و مامۆستای ڕاهێنەر بۆ هەموو ئامێرەکان ئەو شوێنانەی کارم تێدا دەکرد مامۆستاکانی خۆمان کە لەپەیمانگا بوون سەرپەرشتیان دەکرد، ئەو کارو چالاکییانەم لەدوای دەوامی بەیانیانم ئەنجام دەدا.
پرسیار : لەقۆناغى سەرەتایی کاریگەرى هونەرى دەوڵەومەندى شارى کۆیە یان مامۆستاى هونەر و سروود لەسەر هەستەجوانەکەتان هەبووە؟
سەفین عەبدولڕەزاق :  بێگوومان کاریگەری مامۆستا بەڕێزەکانمان زۆر لەسەر بوو، بەتایبەت لە قۆناغى سەرەتایی مامۆستا (ئەنوەر تاهیر ناسراو بەمەلا ئەنوەر 1941_14/1/1996) ، مامۆستا( وریا ئەحمەد 19/4/1947) ،مامۆستا ( سەلام محەمەد) وانەی موزیکیان پێوتووم زۆر سەرکەوتوبوون و زۆر لەگەڵمان ماندوو دەبوون، لەسایەى ئەو مامۆستا بەڕێزانەوە بە دەیان سروودی نیشتیمانی ئەوکاتمان لەبەر بوو.
پرسیار: دەکرێت بزانین ئەو مامۆستا بەڕێزە کێ بووە بۆیەکەم جار ئەو بەهرەیەى لەبەڕێزتان دا بەدى کرد و زیاتر پەلکێشى کردن بۆنێو دنیاى هونەر؟
سەفین عەبدولڕەزاق :  خولێکی چالاکی قوتابخانەکان لەساڵى (1979)  لە ئامادەیی کۆیەی کچان کرایەوە، ئێمەش نۆبەمان گرتبوو بۆ چاوپێکەوتن، سەرەمان گرتبوو زیاتر لە صەد قوتابی ڕێچکەمان گرتبوو لە هۆڵێکی گەورەی قوتابخانەکە پاڵ پاڵانێ بوو بە شۆخی و گاڵتە کردن کاتێک نۆبەی من هات چوومە ژورێ مامۆستا ( مەلائەنوەر)  دانیشتبوو لەسەر ڕحلەیەکی قوتابیان منیش بەپێوە، بەگۆرانی وتی : یاڵڵا بابی بابم بڵێ( لا.....لا ) منیش بەزەردەخەنەوە وتم لا... هەر بەگۆرانی تۆنەکەی گۆڕی لا......لا دواتر بەقەڵەمێک لەمێزەکەی دا وتی:  دووبارەی بکەوە منیش دووبارەم کردەوە ئەوەی گوێی مۆسیقی بوایە دەیناردە لایەک خراپەکانیش بۆلایەک لەیەکی جودا دەکردینەوە، دواتر زانیمان کە ئەم پێوەرە و هەڵسەنگاندنەی کە ئێمە بە شۆخی و پێکەنینەوە بۆی چوین هەڵبژاردەیەکی زانستیە کە لە ئەکادیمیا و پەیمانگاکان پەیڕەو دەکرێت بۆ وەرگرتنی فێرخوازان، لەم خولە مۆسیقیانە خولەکە لەلایەن ( مامۆستا زاهیر محەمەد1939 کۆیە)  ، (مامۆستا ئەنوەر تاهیر) ،  ( مامۆستا سەردار ئەحمەد 1945_ 17/3/2019 کۆیە) و ( مامۆستا شێرکۆ محەمەد) بەڕێوەدەچوو، لەو خولانەدا زۆر بەسەرکەوتویی ژەنیاری زۆری لێ دەرچوو.
پرسیار : لەقۆناغى ناوەندى دا لەچالاکییە هونەرییەکانى قوتابخانە یان بۆنەو فیستڤاڵێک لەدەرەوە و ناوەوەى شارى کۆیە بەشداریتان کردووە؟
سەفین عەبدولڕەزاق :  بێگومان لە بنکەی لاوان بەشی میوزیک لە فیستیڤاڵەکانی ساڵانە هەرساڵەى لەپارێزگایەک ڕێکدەخرا ئێمە بەشداردەبووین، بۆنموونە فیستیڤاڵی (هەولێر،سلێمانی،دهۆک،نەجەف وبابل)  لەیادمە لە فیستڤاڵى پارێزگاى بابل شەوان لە ( ماڵى لاوان _ بیت الشباب) دەماینەوە لەگەڵ تیپی زاخۆ هونەرمەندان 
(ئەیاس زاخۆلی 1960_20/1/1986) و (صەباح زاخۆلی1952 زاخۆ)  و مامۆستا زاهیر محەمەد شەوانێکى زۆر خۆش و پڕ لە ئاواز و گۆرانی یمان بەڕێ دەکرد، فیسیڤاڵەکان بۆ ماوەى سێ ڕۆژی بەردەوامى هەبوو، ئێمە پلەی زۆرباشە و نایابمان وەرگرت لە فیستڤاڵى دهۆک و بابل.
پرسیار: لەنێوەندى هونەرى نەتەوەکەماندا خاوەنى چەندین هونەرمەندى بەتوانا وداهێنەرین بەتایبەت لەژەنینى ئامێرى( کلارنێت) ئایا بەڕێزتان  لەژێر کاریگەرى کام لەو هونەرمەندانەدا بوون کە ئامێرى کلارنێت بکەیتە ئامێرە دڵخوازەکەت؟ 
سەفین عەبدولڕەزاق :   وەک نەتەوەى کورد لەبوارى ژەنینى ئامێرى کلارنێت خاوەنى چەندین هونەرمەندى بەتواناین و هەریەکەیان بەپێی تواناو سەردەمەکەى خۆى خزمەتێکى زۆریان بەهونەرى نەتەوەکەیان کردووە، بۆئێمە بوونەتە قوتابخانەیەکى هونەریی بەرز، لەژەنیارە بەناوبانگەکانی کە من بەهەست و نەست و سەلیقەى ژەنینیان سەرسام بووم و سوودم لێوەرگرتوون ،هونەرمەند( محەمەد عەبدولصەمەدى1936_7/5/1999)  ژەنیاری بەتوانای کلارنێت سەرپەرشتی ئۆرکێستراى ڕادیۆى کرماشان لەشاکارە بەرزەکانى هونەرمەند(حەسەن زیرەک 29/11/1921_26/6/1972)  لەڕادیۆ کرماشان ڕۆڵێکى گرنگى بینیوە ،مامۆستا و هونەرمەند( شەوکەت ڕەشید1930_ 17/4/1991)  زۆر بلیمەت بوو لە ژەنین و ئاواز و چڕینى گۆرانى، هەروەها هاوکاری تیپی مۆسیقای باواجی بوو وگۆرانی ( کاڵێ هەی لیمۆ ) لەگەڵ تیپى باواجی تۆمار کردووە لە کرکوک لەساڵى (1973)،
  دواتر زۆر سەرسام بووم بە مامۆستاو هونەرمەندى نەمر ( قادر دیلان1928 سلێمانى _18/3/1999 چیک)  بەداخەوە هەرچەندە بەخزمەتى نەگەیشتبووم، بەڵام زۆرم خۆشدەویست سەبارەت بەکارەکانی زۆر نوێخواز و داهێنەر بوو لەئاواز و میوزیک و ستایلی ڕۆژئاوایی و کلارنێت ژەنینی بەتایبەتی کە لەگەڵ کارە هونەرییەکانى (مامە سێوە1891_9/12/1963کۆیە) کە دەست و پەنجە و ڕوحیەتی کوردانە و ڕەسەنایەتی پێوە دیارە،ئینجا مامۆستاى ئازیز (عومەر سەرکار1953 سلێمانى)  ئەندامى تیپى مۆسیقاى سلێمانى ئەویش یەک لەو ژەنیارە بلیمەت و دەست و پەنجەى کوردی نەتەوەکەمانە، ئەو هونەرمەندانە بۆ من بوون بەقوتابخانەیەک و سەرنجی منیان ڕاکێشابوو کە بەردەوام بم لەگەڵ ئامێرە دڵخوازەکەم هەمیشە بۆمن جێگای ڕێزن.
پرسیار: جگە لەئامێرى کلارنێت، شارەزایتان لە ژەنینى چ ئامێرێکى دیکەى موزیک دا هەیە ؟
سەفین عەبدولڕەزاق :  جیا لە  ئامێرى کلارنێت و فلوت و ئامێرە پێرکێشنەکان  Timpo ایقاع و دەف، بەشێوەیەکی فێرکاری و مامناوەند دەتوانم بژەنم، بەهۆى ئەوەى من خولى مۆسیقا دەکەمەوە، فێرخوازەکانم وایانکرد زۆربەی ئامێرەکان فێرببم و بیانژەنم و شارەزاییم لێیان هەبێت هەتا ئاستێکى کەبتوانم یەکێک فێربکەم و لەهەمانکاتدا بتوانم لەوبارەیەوە وەڵامی پرسیارەکانیان بدەمەوە، چونکە فێرخواز بە لاسایی کردنەوە لە مامۆستاکەی فێردەبێت و دڵی دەچێتە سەر ئامێرەکە دەبێت مامۆستا شارەزا و لێهاتوبێت،
هونەرمەند سەفین عەبدولڕەزاق وتیپى مۆسیقاى باواجى کۆیە ..!
تیپى مۆسیقاى باواجى کۆیە ، یەکێکە لەتیپە مۆسیقیە دیارەکانى کوردستان، بەبەرهەمە نایابەکانیان مێژوویەکى جوانیان لەمێژووى شارى کۆیە و  دنیاى مۆسیقا و گۆرانى دا نەخشاندووە، هونەرمەند سەفین عەبدولڕەزاق یەکێکە لەهونەرمەندە دیارەکانى تیپى ناوبراو ماوەى (43) ساڵە دەروێشانە خزمەت دەکات لەتیپى ناوبراودا، بەوبۆنەیەوە پێم باشە کەمێک بگەڕێینەوە بۆسەرەتاکانى دامەزراندنى تیپى مۆسیقاى باواجى لەکۆیە ،هەرکاتێک کە ناوى تیپى مۆسیقاى باواجى دێتە بەرگووێمان ناوى هونەرمەند و مامۆستایەکى مەزن بەرجەستە دەبێت و نابێت ناو و نازناو و هەوڵە دڵسۆزانەکەى فەرامۆش بکەین ( ئه‌ندریۆس ئیسرائیل خه‌ممۆ 5/11/1928  كۆیه _ 2/11/2022 هەولێر‌ ) ناسراو بە (باکوورى)  ڕۆڵێکى بەرچاو گرنگى هەبووە لەبەرەوپێشبردنى هونەرى مۆسیقا و گۆرانى و لەدامەزراندنى تیپى مۆسیقاى باواجى لەکۆیە، پاشان بەهەوڵى دڵسۆزانەو خەمخۆرانەى چەند هونەرمەندێک بەمەبەستى زیاتر گەشەکردن و بوژاندنەوەى هونەر لەکۆیە،  لەخەمى وەرگرتنى مۆڵەتى فەرمى دا دەبن  بۆتیپى مۆسیقاى باواجى، دواى ماندوبوونێکى زۆر و چوون بۆ بەغدا بۆ ده‌زگای( سینه‌ما و شانۆ) ، له‌ڕێی كه‌سایه‌تیه‌ك به‌ناوی( جه‌لال بێتوشی) كه‌ئه‌و كات به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی بووه‌ له‌به‌غدا ،به‌نوسراوی ( 812)  له‌ڕێكه‌وتی (1/3/1972) مۆڵه‌تی فه‌رمی بۆتیپی باواجی وه‌رده‌گرن، یه‌كێك له‌تایبەتمه‌ندییه‌كانی وه‌رگرتنی مۆڵه‌ت لەوسەردەمەدا ئەوەبووە کە دەبێت (3) سێ  لە ئه‌ندامه‌كانی ئه‌و تیپه‌مۆسیقیە خاوه‌نی بڕوانامه‌ی په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌كانی به‌غدا بن و ماوه‌ی (5) ساڵ تێپه‌ڕبووبێت به‌سه‌ر وه‌رگرتنی بڕوانامه‌كه‌یان،  خۆشبەختانە هه‌رسێ هونه‌رمه‌ند ( زاهیر محه‌مه‌د ، ‌ئه‌نوه‌رتاهیر و (كه‌ریم حه‌مه‌د خدر کۆیی1941_25/9/2015)  ده‌رچووی په‌یمانگا بوون و بەشێوەیەکى فەرمى مۆڵەتى کارکردن بۆتیپى مۆسیقاى باواجى وەردەگرن.

پرسیار:  سەرەڕاى ئەو هەموو دڵسۆزیی و خەمخۆریەتان بۆ پێشخستنى هونەرى موزیک  لەوشارەداو  چەند پۆستێکى گرنگ و پڕ بایەخ تان لەئەستۆ گرتووە، دەکرێـت ئاماژە بەو پۆستانە بدەن ؟
سەفین عەبدولڕەزاق:   دەتوانم بڵێم  من لەساڵى (1983)  ئەندامی تیپی مۆسیقای باواجی کۆیەم بەبێ دابڕان تا ئەمڕۆ،  چەندین پۆستم وەرگرتووە وەک سەرۆکی تیپ و بەڕێوەبەری هونەری لەتیپى مۆسیقاى باواجى، هەروەها دەستەی دامەزرێنەری تیپی شانۆی کۆیەم، مامۆستاو وانەبێژ بووم لە زانکۆی کۆیە/ فاکەڵتی پەروەردە بەشی باخچەی ساوایان بۆ ماوەی سێ ساڵ، سەرپەرشتیاری هونەری بووم لە پەروەردەی کۆیە، بەڕێوەبەری چالاکی قوتابخانەکانی کۆیە بووم تا خانەنشین بوونم لێپرسراوی گرووپی میوزیکی منداڵانی کۆیەم لەچالاکی قوتابخانەکان، ئێستا ڕاوێژکار و لێپرسراوی گرووپی میوزیکی سەنتەری گەنجانی کۆیەم کە بۆ ماوەی (22) ساڵە بەردەوامم ئەندامی فەخرى گرووپی میوزیکی چل دەفم لە تارانى پایتەختى ئێران.
پرسیار : دواى بەدەست هێنانى بڕوانامەى دبلۆم  لەپەیمانگاى هونەرە جوانەکانى موسڵ، ئایا حەزو ئارەزووتان بۆ خوێندن کەمەندکێشى کردن تا درێژە بەخوێندن بدەن ؟ 
سەفین عەبدولڕەزاق:   بەڵێ حەزوو ئارەزووم بۆ درێژەدان بەخوێندن هەبوو، دوای تەواو کردنى پەیمانگا لە زانکۆی کۆیە خوێندم لە کۆلیژى پەروەردە / بەشی کۆمەڵایەتی بڕوانامەى ( بەکالۆریۆس) م بەدەستهێنا، وەک پێشتر ئاماژەم پێدا بووم بەمامۆستاى هونەر لەبەشى باخچەى ساوایانى کۆلیژى پەروەردە لەهەمان زانکۆ.
پرسیار:  پەیوەندییەکى هونەریی و دۆستانەتان لەگەڵ هونەرمەندانى ڕۆژهەڵاتدا هەیە ، ئەو پەیوەندییە لەکوێوە سەرچاوەى گرتووە؟ وەک بزانم ماوەى (12) ساڵ لەڕۆژهەڵاتى کوردستان ژیاون ؟
سەفین عەبدولڕەزاق:  لەساڵی (1992) بەسەردان و بەگەشتێکى خۆشی چووم بۆ ڕۆژهەڵاتى کوردستان، ماوەیەک مامەوە دواتر بووم بە مامۆستای میوزیک لەساڵى (1996)  لەوێ ژیانی هاوسەریم پێکهێنا تا ساڵى (2004)  بەیەکجارى گەڕامەوە باشوورى کوردستان و شارى کۆیەى خۆشەویست، ئەوکاتانەی لەوێ بووم لەگەڵ زۆربەی هونەرمەندانی ئەوێ و گرووپە موزیکییەکان کارى هونەریم کردووە، بۆنموونە:  لە تەلەفزیۆنى مەهاباد، گرووپی موزیکی مەهاباد و بۆکان و گرووپی کانزای سەقز و ئەربابای بانە و چل دەف لەتاران، هەروەها لەگەڵ هونەرمەندان (عەزیز شارۆخ 1938 مەهاباد) ،( محەمەدى دانش 1945_12/9/2015مەهاباد) ، ( قادری سەیاحی4/6/1943_17/4/2022) ،( ئیرەج) ، (جەعفەرى ماملێ 1940_2019 مەهاباد) ، ( حەسەن دەرزى 1957 بۆکان) ، عەباس ماتۆڕ ، عەلی قوڕەیشی ، ڕەحمانی فەیزی و محەمەدی شاهین پوور ....زۆری تر) بەڵێ ماوەى (12) ساڵى ژیانم لەڕۆژهەڵاتى کوردستان و ئێران  لەنێو موزیک و دەنگ و ئاوازى ڕەسەنى نەتەوەکەم بەسەربرد.
پرسیار: ئایا لەماوەى ئەو چەندین ساڵەى تێکۆشانى هونەریتان، هیچ ئاوازێکتان داناوە ؟ لەبوارى ئامادەکردن و دابەشکردنى موزیک دا کارتان کردووە؟
سەفین عەبدولڕەزاق:   ئاواز و ئامادەکردنم زۆر کردووە ئاوازم بۆ هونەرمەندان داناوە وەک :  ( تایەری خەلیلی1956 بۆکان_26/11/2023سلێمانى) ، (ئیبراهیم سابیر 1949 کۆیە) ،( ئیسماعیل شەیدا)، (سەلاح محەمەد1947 کۆیە) و لێوژە جەلال)  هەروەها بۆ زۆربەی قوتابخانەکانی کۆیە ماڕشی قوتابخانەم بۆ داناون، قوتابخانەکانى( سەرباغ ، سرووە، چرۆ، شیرین، بەیداغ، دلکۆ، هێڤار و پەیمانگای کۆمپیوتەری کۆیە و زۆری تر،  دەربارەى ئامادەکردنەکانم و سەرپەرشتی کردنی زۆربەی فیستیڤاڵەکانی تیپى باواجی بۆ کۆنسێرتەکانی ئەنجام داوە لەوانە بۆ هونەرمەندان (صادق حەریری1947_16/9/2014) ،( شەهێن تاڵەبانی18/12/1952 سنە) ، ( نەجمەدینى غوڵامى 1958 سنە)، ( عەدنان کریم1963 کەرکوک) ،( ناسری ڕەزازی 1955 سنە) ،( ئاڤان جەمال 1977 سلێمانى)،(  حەمە ڕەووف کەرکوکى 1956 کەرکوک) ،( عەدنان جەمال 1945 کۆیە_ 1/10/2012 هەولێر) ،(  ڕێناس وریا) ،( عەبدوڵڵا ئیسماعیل) ،( هۆشمەند زاهیر) ،(  میرۆز محەمەد و مەلا شێروان و .....زۆرى دیکە ) ئامادەکردنى گۆرانییەک بۆ هونەرمەند (شەماڵ محەمەد) لەکەناڵى ئاسمانى کوردسات لەیادى هونەرمەند (تایەر تۆفیق1922_20/10/1987) لەساڵى (2008) بۆئەو یادە لەگەڵماندا بوو،  من وەک بەڕێوەبەرى هونەرى ئەو یادە بووم.
پرسیار:  خۆشبەختانە شارى کۆیە خاوەنى پەیمانگاى هونەرە جوانەکانە، پێگەى بەڕێزتان لەدامەزراندن و گەشەکردنى ئەو پەیمانگایە بەتایبەت بەشى موزیک چى بووە؟ 
سەفین عەبدولڕەزاق:  لە پەیمانگەی هونەرەجوانەکانى کۆیە دەست بەکاربووم لە (2004) بووم بە سەرۆکی بەش تا ساڵى (2015)  چوومەوە بۆ خوێندن لەزانکۆی کۆیە، لەم چەند ساڵەی لەپەیمانگا بووم هەموو ساڵێک فیستیڤاڵمان پێشکەش کردووە بە بەشداری زیاتر لە (60)  ژەنیار و کۆڕاڵ و پێشکەشکردنی بەرهەمە کلاسیکیە جیهانیەکان تۆمار کردنی و پێشکەشکردن  چەندین بەرهەمی نوێ و فۆلکلۆری ڕەسەنی کۆیە لە کەناڵەئاسمانى و لۆکاڵییەکانى کوردستان، بەشداری کردنمان لە بۆنە نەتەوایەتى و نیشتمانییەکان وەک :  یادى ڕاپەڕین و جەژنى نەورۆز، کارەساتەکانى  وەک هەڵەبجەو ئەنفال بە هاوکاری تیپی مۆسیقای باواجی کۆیە، ئەنجامدانی گەشتە زانستیەکان بۆ ئەکادیمیا و پەیمانگاکان لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک وە پێشکەش کردنی چەندین بەرهەمی زانستی و ئەکادیمی لەم ناوەندانە دەرچوونی دەیان ژەنیاری بەتوانا لە پەیمانگا بەشداری کردنی (6) خوێندکار و مامۆستامان لە ئۆرکێسترای ژێداری کوردستان کە چوون بۆ (ڤیەننا) لە هۆڵی (مۆزارت) چەندین بەرهەمیان پێشکەش کرد بەسەرپەرشتی مامۆستا (عەبدوڵڵا جەمال سەگرمە 1968 سلێمانى )  هاوکاری پەروەردە و زۆربەی قوتابخانەکانی کۆیە بۆ ئەنجامدانی کارە هونەرییەکان ئەوانەی باسم کردوون هەمووی وەک بەڵگە بە ڤیدیۆ و وێنە وەک دیکۆمێنت پارێزراون .
پرسیار: ئاستى هونەرى موزیک و گۆرانى  لەشارە جوانەکەى کۆیە لەچ ئاستێکدا؟ بەڕێزتان لەوئاستە ڕازیت و ڕۆحیەتى هونەریتان تێر و ئارام دەکات؟
سەفین عەبدولڕەزاق: دەتوانم بڵێم بەخۆشحاڵییەوە ئاستی هونەر لە کۆیە خۆشبەختانە لەگەڵ ئەو هەموو لەمپەر و قەیران و ئاستەنگانەدا، ئاستی هونەر و ژەنیار و دەنگ بێژەکان زۆر باشە کەسانی گەنج و لاوى تازە زۆر پێگەیشتون، ئومێدی زۆرمان پێیانە بەڵام ئێمە طموحی زیاترمان هەیە ئینشائەڵڵا باشتر و زیاتر دەبێت .
پرسیار : هیچ لەو قوتابیانەى لەخولى فێرکردن و پەروەردەکردنەکەى بەڕێزتان، ئەمڕۆ بوونەتە هونەرمەندێکى باش کە جێی متمانەى بەڕێزتان بێت؟
سەفین عەبدولڕەزاق:
چى بچێنى بێگومان ئەوەی دەدوریتەوە  خۆشبەختانە زەحمەت و ماندوبوونم بەفیڕۆ نەچووە دوای هەوڵ و ماندوبوونێکی زۆر کە ژەنیاری کلارنێت زۆر کەم بوو لەکوردستان بەپەنجەی دەست دەبژێردران ویستم کەسانێک دروست بکەم وەک خوالێخشبوان مامۆستا ( قادر دیلان ) کە لە بەرهەمەکانی مامە سێوەدابەشدار بووەو ئامادەکاری کردووە و زۆر هاوکاری (سێوە) بووە ،ئەوکاتە ژەنیارانی گرووپی مۆسیقای ڕادیۆ و تیڤی بەغدا زۆربەیان عەرەب و زۆربەیان نابینا بوون (قادر دیلان) تاکە ژەنیاری کوردی سەرەکی تیپەکە بووە کەجێگای شانازییە بۆ ئێمە، یان خوالێخۆشبوو (شەوکەت ڕەشید) یان مامۆستا(عومەر سەرکار ) من هەمیشە بە شێوەیەکی زانستی و تیۆری و پڕاکتیک وانەی کلارنێت دەڵێمەوە بۆیە خوێندکارەکانم هەمووى باش دەردەچن لەکوردستانی باشوور، لەوانە بەڕێزان (ڕێبین جەمال، هەڵوێست وشیار، سۆما محەمەد، شنە ئەمیر ، هێمن سابیر،کاروان محسین، هێمن عوسمان و دانەر هۆگر زۆری تر،  لەڕۆژهەڵاتى کوردستان و ئێرانیش شاگردم زۆر بووە هەریەک لەوانەی ناوم هێنان هەریەکەیان ئێستا لەباشوور جێگا و پێگەى خۆیان هەیە و دیارن کە خزمەت دەکەن لەناوەندەکانی خوێندن وەک مامۆستا یان لە تیڤییەکان و ستۆدیۆکانی تۆمارکردنی بەرهەمە هونەرییەکان کار دەکەن کە جێگای شانازین بۆ من وە لە هەموو کوردستانیش شانازیان پێوە دەکرێت.
پرسیار: دەربارەى تیپى مۆسیقاى منداڵان لەشارى کۆیە لە چ ئاستێکدایە؟
سەفین عەبدولڕەزاق:
تیپێکی منداڵانمان لە چالاکی قوتابخانەکانى کۆیە هەیە وە تیپێکی ترى منداڵانمان لە سەنتەری گەنجان هەیە کە من سەرپەرشتیان دەکەم خۆشبەختانە هەردوو تیپ ژەنیار و گۆرانیبێژی زۆر بەهرەمەندی تیادا هەڵکەوتووە ئومێدی زۆرمان پێیانە و ئیشائەڵڵا ئایندەیەکی گەش و پڕشنگدار چاوەڕێیان دەکات،  هیچ کات من جیهانە جوانەکەى منداڵانم فەرامۆش نەکردوە چەندین ئاوازی نوێی پەروەردەیم بۆمناڵە چاوگەشەکان داناوە کە تۆمار کراون و کلیپیان بۆ کراوە.
هونەرمەند سەفین عەبدولڕەزاق سەرەڕاى ئەو هەموو تێکۆشان و خۆماندوکردنە لەپێناو بەرزکردنەوەى ئاستى موزیک و پێگەیاندنى گەنج و لاو بەهەردوو ڕەگەز لەشارەکەى کۆیە، کۆڵى نەداوە هەردەم کەشکۆڵەکەى لەکۆڵ ناوە و هەنگاوى زیاتر دەنێت بۆ خزمەتکردنى زێدەتر، ئەم هونەرمەندە ڕۆحسووک و  زمان شیرین و میهرەبان و ئەندامى دێرینى تیپى باواجى و چرا ڕۆشنەکەى موزیک و ئاواز و گۆرانى لە  کۆیە، دواى ماندوبوونێکى زۆر توێژینەوەیەکی زانستیی لە زانکۆی کۆیە نووسیوە لەسەر مێژووی تیپی میوزیکی باواجی کۆیە لە( ۱۹٥۷ تا ۲۰۱٥ ) توێژنەوەکە بۆتە سەرچاوەیەکی گرنگ و بەهادار، کارئاسانى دەست کەوتنى زانیارى زیاترە بۆ ئەو خوێندکار و قوتابیانەى کە توێژینەوەیان دەبێت لە پەیمانگاى هونەرەجوانەکان و کۆلیجی هونەر لەسەر شارى کۆیە ، چونکە توێژینەوەکەى هونەرمەند زانیاری و مێژووی گرنگی تیایە بەبەڵگەوە سەرچاوەی نوێی  تێدادەست نیشان کردووە. 
کەسایەتیەک وەک مۆم سووتاوەو دەسوتێ لەپێناو شارەکەیدا، شەو ڕۆژى خستۆتە سەریەک تا کاروانى ڕێگا پیرۆزەکەى هونەرى موزیک و ئاواز و گۆرانى لەکۆیە هەردەم بەردەوام و ڕۆشنتربێت، لەهەموو بۆنەو یادێکدا سەفین عەبدولڕەزاقى خەمخۆر و دڵسۆزى هونەر، بەهەست و سۆز و دڵگەرمییەوە ئامادەیی هەیە و هیچ کات منەتیش بەسەر کەسدا ناکات و لەو ڕوانگەیەوە خۆى کردووە بەدەروێشە دڵسۆزەکەى موزیک و ئاواز و گۆرانى لەشارە جوانەکەى کۆیەو کوردستان ،دەڵێت ئەوە ئەرکى سەرشانمەوە تا لەدەست و پەنجە و سینەمدا ووزە و هەناسە هەبێت، دەبێت بەردەوام بم ، سەبارەت بەو مێژووە لێوانلێوە لە بەخششى هونەرى مامۆستا ونووسەر (فازیل شەوڕۆ) نووسیویەتى ( مامۆستا سه‌فینی هونه‌رمه‌ند، ئیمڕۆ ڕابه‌ر و ده‌ستگری ده‌یان مۆزیكژه‌نی تازه‌پێگه‌یشتووی شاری كۆیه‌یه‌ له‌ كوڕان و كچانی ده‌ڤه‌ره‌كه‌، چه‌ندان خوولی ڕاهێنان و فیركردنی بۆ كردوونه‌ته‌وه‌ و چه‌ندان وه‌جبه‌ی ده‌رچوواندووه‌، ئه‌و له‌ ماڵ و له‌ قوتابخانه‌ و له‌ هۆڵی پڕۆڤه‌كردنی تیپ و له‌ ژووری ڕاهێنان له‌ زانكۆ دا هه‌میشه‌ وه‌ك كه‌ناری ده‌چریكێنی و وه‌ك كه‌و قاسپه‌ قاسپی دێ، ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر گڵكۆی هونه‌رمه‌ندانیشدا چریكه‌ی كلارنێته‌كه‌ی ڕۆحی نه‌مره‌كان ئاسووده‌ و ڕوان ده‌كات)(1).
پرسیار: لەدەستپێکى کارى هونەریتانەوە تا ئەمڕۆ،دەتەوێت سوپاس و ئەمەکدارى کێ بکەیت و خۆت بەقەرزداریان بزانى ؟
سەفین عەبدولڕەزاق:  هەمیشە بەحورمەتەوە لەدڵسۆزیی و خەمخۆریی ئەو مامۆستا ئازیزانەم دەڕوانم بوونەتە چرایەک و ڕێگاى داهاتووى منیان ڕۆشنتر کردووە، من زۆر قەرزداری ئەو مامۆستا بەڕێزانەم کە زۆریان لێ فێربووم، 
 خوالێخۆشبوو مامۆستای گەورە و بلیمەت هونەرمەند 
 (سەردار ئەحمەد یان باب سەردار)
سەردار ئەحمەد هەمیشە سایە و سێبەری لەسەر سەرمە و هیچ کات ناتوانم فەرامۆشیی بکەم ، چونکە هەموو کارێکی جوانی هونەری لە بەڕێزیانەوە فێربووم زۆر دڵسۆز و بەپەرۆش بوو بۆ فێربوونی فێرخوازەکانی، ڕۆحى شاد و یادى بەخێر بێت.
هەروەها مامۆستای مەزنم هونەرمەند (زاهیر محەمەد) دامەزرێنەر و چەخماخەی شۆڕشێکی هونەری نوێ بوو لەکۆیە، ئەویش بە وەرگرتنی مۆڵەتی تیپی مۆسیقای باواجی لە (1972)  کە ڕۆڵێکی گرنگ و بنەڕەتى هەبوو لە وەرگرتنی مۆڵەت و ئامادەکردنی بەرهەم و ئاوازە ڕەسەنەکانی خۆی و فۆلکلۆرە ڕەسەنەکانی کۆیە 
هیوای تەمەن درێژی و لەشساغی بۆ دەخوازم .
من ئەوکارانەی  تا ئێستا کردوومە هەمووی بە پاڵپشتی  و هاوکارى خێزانم و خانەوادەکەم بووە، ڕۆڵێکی گەورەیان هەبووە بۆ من کە هاوسەنگی کارکردنم و خانەوادەکەمیان ڕاگرتووە بەسەربەرزی، من زۆر قەرزداریانم سوپاسگوزارى هەموو ئەوکەسانەم کەڕۆژێک لەڕۆژان شتێکیان فێرکردووم .
لەکۆتایدا پرسیارمان لەهونەرمەند و مامۆستا سەفین کرد دەربارەى ژیانى کۆمەڵایەتى، ساڵى چەند ژیانى هاوسەرگیریتان پێکهێناوە ؟ پەروەردگار چەند منداڵى پێ بەخشیوون ؟ ئایا هیچ یەک لەمنداڵەکانت بوونەتە ڕێبوارێ لەڕێگا پیرۆزەکەى بەڕێزتان ؟ چ ئامێرێک دەژەنن؟
لەوەڵامدا پێی ڕاگەیاندین :  لەساڵى (1996)  ژیانی هاوسەریم لەگەڵ ست (هەڵاڵە) پێکهێناوە و  دوو کوڕمان هەیە ( مەتین و موبین) ، کاکە  مەتین ئەندازیارە و ژەنیاری ئامێرى کلارنێتە و کیبۆردیش دەژەنێ  و هەروەها دەنگیشی خۆشە بەرهەمی تۆمار کراوی هەیە لە کەناڵى (یوتووب) دا هەیە، کاکە موبین یش خوێندکاری زانکۆی کۆیەیە لەبەشی ژمێریاری، ئەویش ژەنیارێکی زۆر بەتوانای کیبۆردە و دەنگیشی خۆشە ستۆدیۆی تۆمارکردنی هەیە و زۆر حەزو ئارەزووى لەکاری هونەریە.
هیواى سەرکەوتن و بەردەوامى و تەندروست باشیی بۆهونەرمەند و مامۆستا سەفین عەبدولڕەزاق و خانەوادە هونەرییەکەى دەخوازم ، هیوادارم  نموونەیان زۆر و خۆشەویستیان لەناو جەماوەر و نیشتمان و شارە جوانەکەى کۆیەدا زیاتر و زیاتر بێت.
جەمال عومەر ( جەمالى دەلاک) .
سەرچاوە:
(1)    فازیل شەوڕۆ ، گۆڤاری کەکۆن، ژمارە ( ٥٠ ) تشرینى یەکەمى (2017).

(2) سوپاس و پێزانینى زۆرم بۆ مامۆستا و هونەرمەند ( سەفین عەبدولڕەزاق)  لەرێکەوتى ( 24/3/2026) لەڕێی تەلەفۆنەوە پێوەندیم پێوەکرد و مۆڵەتى ئەو دیدارەم لێوەرگرت ، بەڕێزییان لوتفى نواند لەڕێکەوتى (26/3/2026 ) لەڕێی ماسنجەرەوە وەلامى هەموو پرسیارەکانى داومەتەوە هیواى سەربەرزى و سەرفرازى بۆدەخوازم .( کۆیە _ سلێمانى) .



هه‌مه‌ره‌نگ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.