مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس"، پێشوازی لە ئاگربەستی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد و تیشکی خستە سەر دۆخی تەناهیی هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی حکوومەت هیوای خواست کە ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران بەردەوام بێت و ببێتە زەمینەخۆشکەر بۆ چەسپاندنی سەقامگیری و ئاشتییەکی بەردەوام لە تەواوی ناوچەکەدا.
مەسرور بارزانی سوپاسی هەموو ئەو لایەنانەی کرد کە هاوکار و پاڵپشت بوون لە پاراستنی هەرێمی کوردستان و ڕایگەیاند: "ئەو هێرشانەی دەکرانە سەر هەرێمی کوردستان نادادپەروەرانە و بێ پاساو بوون." هیوای خۆشی دەربڕی کە کۆتایی بە هەموو جۆرە هێرشێک بۆ سەر خەڵکی ئازادیخواز، هێزەکانی پێشمەرگە و نێردە دیپلۆماسییەکان بێت.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە کە هەرێم ئامادەی هەموو جۆرە پشتگیرییەکە بۆ سەرخستنی هەوڵەکانی کەمکردنەوەی گرژییەکان و بەدیهێنانی ئاشتییەکی هەمیشەیی لە ناوچەکەدا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.