هەریەکە لە وڵاتانی ئەڵمانیا، ئەندەنووسیا و مالیزیا، لە پەیامی جیادا پێشوازییان لە ڕاگەیاندنی ئاگربەستی دوو هەفتەیی لە شەڕی نێوان ئێران و ئەمریکا کرد و بە هەنگاوێکی گرنگیان وەسف کرد بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی بەردەوام لە ناوچەکەدا.
ئەمڕۆ چوارشەممە، یوهان فادێفول، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ڕایگەیاند: "ئەم ئاگربەستە دەبێت ببێتە یەکەمین هەنگاوی یەکلاکەرەوە بەرەو ئاشتییەکی هەمیشەیی." ناوبراو لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی X نووسیویەتی: "پێشوازی لە بڕیاری لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەم بۆ ڕەزامەندییان لەسەر ڕاگرتنی شەڕ لە شەڕی ئێراندا."
لەلایەکی دیکەوە، ئیڤۆن میوینگکانگ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەندەنووسیا ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتەکەی دەستخۆشی لە بڕیاری ئاگربەستەکە دەکات و داوای لە هەموو لایەنەکان کرد ڕێز لە سەروەریی خاک و پاراستنی پرەنسیپەکانی دیپلۆماسی بگرن.
هاوکات، ئەنوەر ئیبراهیم، سەرۆک وەزیرانی مالیزیا، وێڕای پێشوازیکردن لە ئاگربەستەکە، داوای کرد هەوڵەکان بۆ چەسپاندنی ئاشتییەکی بەردەوام چڕبکرێنەوە. ئەنوەر ئیبراهیم ڕایگەیاند، پێشنیارە 10 خاڵییەکەی ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ، پێویستە بگۆڕدرێت بۆ ڕێککەوتنێکی ئاشتی گشتگیر، کە نەک تەنیا ئێران، بەڵکو عێراق، لوبنان و یەمەنیش بگرێتەوە.
ئەم کاردانەوانە دوای ئەوە دێن، کە درەنگانی شەوی ڕابردوو سێشەممە، ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەسەر ئاگربەستێکی کاتی بۆ ماوەی 2 هەفتە ڕێککەوتن، کە بڕیارەکە هێرش و ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیلیش دەگرێتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.