مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئازادکردنی (شێلی کیتڵسۆن)ی ڕۆژنامەنووسی ئەمریکی ڕاگەیاند، کە ماوەیەک پێش ئێستا لە نزیک بەغدا لە لایەن ڕێکخراوی "کەتائیبی حزبوڵڵا"وە ڕفێندرابوو.
ڕۆبیۆ لە بەیاننامەیەکدا سوپاسی "نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI)"، "وەزارەتی جەنگ"، کارمەندانی ئەمریکی و "ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق"ی کرد بۆ هەماهەنگی و هاوکارییەکانیان لە گەڕاندنەوەی ئەو ڕۆژنامەنووسەدا.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی کردەوە کە ئەمە ڕەنگدانەوەی پابەندبوونی ئیدارەی ترەمپە بە پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی و وتیشی: لە سەردەمی سەرۆک ترەمپدا، دەستبەسەرکردنی نایاسایی یان ڕفاندنی هاووڵاتییانی ئەمریکی بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکرێت، ئێمە بەردەوام دەبین لە بەکارهێنانی هەموو ئامرازێک بۆ گەڕاندنەوەی ئەمریکییەکان و سزادانی ئەوانەی بەرپرسیارن.
لە ئێستادا کیتڵسۆن ئازاد کراوە و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کار دەکات بۆ دابینکردنی گەشتێکی ئارام تاوەکو بە زووترین کات خاکی عێراق بەجێبهێڵێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.