دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکی نوێدا ئاشکرای کرد، دوای گفتوگۆ لەگەڵ شەهباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی پاکستان و جەنراڵ عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای ئەو وڵاتە، ڕەزامەندیی نیشانداوە لەسەر ڕاگرتنی هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر ئێران بۆ ماوەی 2 هەفتە.
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، ئەم ئاگربەستە کە بە "ئاگربەستێکی دوولایەنە" وەسفی کردووە، بەو مەرجەیە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە تەواوەتی و بە شێوەیەکی دەستبەجێ و ئارام گەرووی هورمز بەڕووی کەشتیوانیدا بکاتەوە.
سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە هۆکاری ئەم بڕیارە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە واشنتن گەیشتووەتە تەواوی ئامانجە سەربازییەکانی و ئێستا لە لێواری ڕێککەوتنێکی هەمیشەیی و کۆتاییی ئاشتیی دایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئاشکراشی کرد کە پێشنیازێکی 10 خاڵییان لەلایەن ئێرانەوە پێگەیشتووە کە وەک بنەمایەکی کارا بۆ دانوستان دەبینرێت.
بە وتەی ترەمپ، زۆربەی خاڵە جێناکۆکەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران چارەسەر کراون و ئەم ماوەی 2 هەفتەیە دەرفەتێکە بۆ کۆتاییهێنان و واژۆکردنی ڕێککەوتنامە مێژووییەکە. لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ترەمپ دەڵێت: "جێی شانازییە کە ئەم کێشە درێژخایەنە نزیکبووەتەوە لە چارەسەری کۆتایی."
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.