وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پرسەنامەیەکی بۆ کۆچی دوایی پێشمەرگەیەک ڕاگەیاند کە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە لە هێرشە مووشەکییەکەی مانگی ڕابردوو، شەهید بوو.
لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا کە ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە، وەزیری پێشمەرگە خەمباریی قووڵی خۆی بۆ شەهیدبوونی پێشمەرگەی قارەمان (وەیسی ئاخیر سەعید) دەربڕی. ناوبراو دوای مانەوەی بۆ ماوەیەک لەژێر چاودێریی وردی پزیشکیدا، بەهۆی ئەو برینە سەختانەی لە هێرشە مووشەکییە تێرۆریستییەکەی بەرەبەیانی 24ی ئاداردا پێی گەیشتبوو، گیانی سپارد و چووە ڕیزی شەهیدانی سەربەرزی کوردستانەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئێمە لە وەزارەتی پێشمەرگە، وێڕای سەرکۆنەکردنی هەموو ئەو دەستدرێژییانەی دەکرێنە سەر خاکی هەرێمی کوردستان، دووپاتی دەکەینەوە کە خوێنی ئەم قارەمانانە دەبێتە هەوێنی زیاتر سووربوونمان لەسەر پاراستنی دەستکەوتەکان و سەقامگیریی نیشتمان."
هێرشە مووشەکییەکەی 24ی ئادار، پێشتر بووە هۆی شەهیدبوونی 6 ئەفسەر و پێشمەرگەی دیکە، شەهید وەیسی دوایین برینداری ئەو هێرشە بوو کە بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە شەهید بوو.
لە کۆتایی پرسەنامەکەدا، وەزیری پێشمەرگە هاوخەمیی خۆی ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری شەهید و تەواوی هاوسەنگەرانی کردووە و هیوای خواستووە پەروەردگاری میهرەبان گیانی بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و ئارامی بە هەموو لایەک ببەخشێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.