Erbil 31°C دووشەممە 15 حوزەیران 11:17

دەزگای خێرخوازیی بارزانی کەفالەتی هەردوو منداڵەکەی شەهیدانی گوندی زەرگەزەوی دەکات

کوردستان TV
100%

دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕایگەیاند، تەواوی بەرپرسیارێتی ژیان و پاشەڕۆژی هەردوو منداڵەکەی شەهیدانی گوندی زەرگەزەوی دەگرێتە ئەستۆ، کە لە ئەنجامی هێرشێکی درۆنی هەردوو دایک و باوکیان شەهید بوون.

شەوی ڕابردوو لە ئەنجامی هێرشێکی ناڕەوا بۆ سەر گوندی زەرگەزەوی لە سنووری پارێزگای هەولێر، خێزانێکی سڤیل بوونە ئامانج و تێیدا هەردوو هاوسەر (شەهید موسا و شەهید موژدە) لەنێو ماڵی خۆیاندا شەهید کران، بەمەش دوو منداڵی چاوگەشیان بە ناوەکانی (مەلین و دلین) لە سۆزی دایک و باوک بێبەش بوون.

دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ڕاگەیەندراوێکدا وێڕای سەرکۆنەکردنی توندی ئەم کردەوەیە و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدان، وەک ئەرکێکی مرۆیی و نەتەوەیی بڕیاری دا بە:

وەرگرتنی مەلین و دلین لە پڕۆژەی "ئازیزان" بە شێوەیەکی هەمیشەیی.

دابینکردنی کەفالەتی تەواوی ژیان و بژێوییان لەلایەن دەزگاوە.

لەئەستۆگرتنی تەواوی تێچووی خوێندن و چاودێری تەندروستییان تا ئەو تەمەنەی دەگەنە قۆناغی پشت بەخۆبەستن.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا دەزگای خێرخوازیی بارزانی دووپاتی کردەوە، کە وەک سێبەرێکی میهرەبان بۆ ئازیزان و لێقەوماوان دەمێنێتەوە و ڕێگە نادات منداڵانی ئەم نیشتمانە لە دوای لەدەستدانی کەسوکاریان، هەست بە تەنیایی و بێدەرەتانی بکەن.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.