درۆنێکی بۆمبڕێژکراو ماڵێکی لە سنووری پارێزگای هەولێر کردە ئامانج و لە ئەنجامدا ژن ومێردێک شەهید بوون و دوو منداڵی ئەو خێزانە بێ دایک و باوک مانەوە.
پیاوەکە ناوی (مووسا ئەنوەر ڕەسووڵ)ـە. بنەماڵەکەیان پێشتریش قوربانییان لەپێناو خاکدا داوە و برایەکی لە شەڕی دژی داعشدا شەهید بووە؛ ئەمجارەش خۆی و هاوژینەکەی بوونە قوربانیی هێرشێک کە هەرێمی کوردستان بە دوور و نزیک پەیوەندیی بە ڕووداوەکانەوە نییە.
دوو منداڵی بچووک کە لە تەمەنێکی زۆر کەمدان، بوونە شاهیدی داڕمانی خانووەکەیان و دەنگی سامناکی ئەو درۆنەی ماڵەکەیانی کردە ئامانج. ئێستا ترس و خەم و دڵەڕاوکێ باڵی بەسەر ژیانی ئەو دوو منداڵەدا کێشاوە و لە ئازاری بێباوانی و ترسی هێرشی داهاتوودا دەژین.
سەرۆک بارزانی پەیامێکی ئاراستەی گرووپە چەکدارەکان کرد و رایگەیاند، کوشتنی خەڵکی بێتاوان هیچ "شەهامەتێکی" تێدا نییە و ئیرادەی گەلی کوردستان بەم پەلامارانە ناشکێت.
ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکوومەت و وەزیری پێشمەرگە، بە توندی هێرشەکەیان سەرکۆنە کرد. ئەوان داوای لێکۆڵینەوە و لەئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتییان لە حکوومەتی عێراق کرد و جەختیان لە پێویستیی کۆنترۆڵکردنی گروپە چەکدارەکان کردەوە بۆ ئەوەی چیتر خەڵکی سڤیل نەبنە قوربانی.
ئەوەی جێگەی تێڕامانە، تا ئێستا پەرلەمانی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکانی بەغدا، هیچ هەڵوێستێکیان بەرامبەر ئەم کارەساتە و هێرشە ناڕەوایانە نەبووە و هیچ کەس و لایەنێک لە عێراق خۆی بە بەرپرسیار نازانێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.