شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیێندراوێکدا بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە تێرۆریستییە دەکات کە شەوی ڕابردوو لە ڕێگەی درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە کرایە سەر گوندی زەرگەزەوی لە سنووری شاری هەولێر.
لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە، "بەداخەوە ئەم پەلامارە دڕەندانەیە بووە هۆی شەهیدبوونی پێشمەرگەیەکی قارەمان بە ناوی (مووسا ئەنوەر ڕەسووڵ) و هاوژینەکەی." وەزیری پێشمەرگە ئاماژەی بەوەش کردووە کە بەئامانجگرتنی خەڵکی سڤیل و پێشێلکردنی شکۆی سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق، هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە.
شۆڕش ئیسماعیل جەختی کردەوە کە گیانی هاووڵاتیان و سەروەریی خاک هێڵی سوورە و داوای لە حکوومەتی فیدراڵ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد هەڵوێستی کردەییان هەبێت و لە ئاست ئەم تاوانانەدا بێدەنگ نەبن.
لە کۆتایی ڕاگەیێندراوەکەدا، وەزیری پێشمەرگە بە ناوی وەزارەت و هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە، سەرەخۆشیی قووڵی خۆی ئاراستەی خانەوادەی شەهیدەکان کرد و نەمریی بۆ شەهیدانی کوردستان خواست.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.