Erbil 31°C ھەینی 19 حوزەیران 11:15

"هاوتا ئەسعەد" بولبولە دەنگ زێڕینەکەی هەولێر

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ چوار ساڵ بەسەر کۆچی دوایی ئەو دەنگە بەسۆز و ئاوازە ڕەسەنەدا تێدەپەڕێت، کە بۆ ماوەی دەیان ساڵ بووبووە هەوێنی دڵی عاشقان و شەیدایانی مۆسیقای کوردی. چوار ساڵە "بولبولەکەی هەولێر" بێدەنگە و هەوادارانی لە بیستنی ئاوازە زێڕینەکانی بێبەشن.

هونەرمەند هاوتا ئەسعەد، کە لە ساڵی 1961 لە باوەشی قەڵا و منارەی شاری هەولێردا لەدایکبوو، لە ساڵی 1983وە بە هەنگاوێکی پڕ لە داهێنان پێی نایە نێو جیهانی هونەر. ئەو نەک هەر گۆرانیبێژ، بەڵکو خودانی شوناسێکی تایبەتی هونەری بوو، کە توانی ڕەسەنایەتی و مۆدێرنیتە لە ئاوازەکانیدا کۆبکاتەوە و ببێتە قوتابخانەیەکی جیاواز لە مۆسیقای کوردیدا.

 هەئەم هونەرمەندە گەورەیە، کە برای گۆرانیبێژ و ئاوازدانەری ناودار (زیاد ئەسعەد) بوو، نەک تەنها بە دەنگەکەی، بەڵکو بەو خێزانە هونەروەرەشی کە پێیگەیاندن، خزمەتێکی زۆری بە کلتووری کوردی کرد. (یوسف، محەمەد، ئەحمەد،هاودەنگ) و کچە هونەرمەندەکەی (کەژێ)،هەروەها کچێکی بچکۆلانەی بەناوی (هەستی) هەیە، وەک یادگارییەکی زیندووی ئەو هونەرمەندە لە ناو کایەی هونەری و کۆمەڵایەتیدا دەمێننەوە.

بەداخەوە، لە ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی 7ی نیسانی 2022، دوای ململانێیەکی سەخت لەگەڵ نەخۆشی، ئەو دەنگە پڕ لە میهرە بۆ هەمیشە ماڵئاوایی کرد و دڵی هەزاران هەواداری خۆی خەمبار کرد.

هەرچەندە چوار ساڵە هاوتا ئەسعەد جەستەی لەناوماندا نەماوە، بەڵام ئاوازەکانی وەک میراتێکی نەمری و زێڕین لە ناو مێژووی هونەری کوردیدا دەدرەوشێنەوە و هەردەم وەک "بولبولی هەولێر" لە ناو یادەوەریی نەوەکاندا بە زیندوویی دەمێنێتەوە.

 

 

هه‌مه‌ره‌نگ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.