بەبۆنەی تێپەڕبوونی 35 ساڵ بەسەر دەرچوونی بڕیاری 688ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ڕەهەندە مێژوویی و سیاسییەکانی ئەو بڕیارەی بۆ گەلی کوردستان خستە ڕوو.
سەفین دزەیی ئاماژەی بەوە کرد کە 35 ساڵ لەمەوبەر، لەکاتێکدا ڕژێمی پێشووی عێراق بە دڕندەترین شێوە هەوڵی پاکتاوکردنی سەرهەڵدانی گەلی کوردستانی دەدا، "کۆڕەوی ملیۆنی" بووە وەرچەرخانێکی گەورە و ویژدانی مرۆڤایەتی لە سەرتاسەری جیهان هەژاند. ڕایگەیاند: "لەو کاتەدا چیاکان تەنیا دۆستمان بوون، بەڵام هاواری مەزڵوومیەتی گەلەکەمان لە ڕێگەی میدیاکانەوە گەیشتە جیهان."
لە پەیامەکەدا هاتووە، کە هەوڵەکانی فەرەنسا بە سەرۆکایەتی فرانسوا میتران، و بەریتانیا بە سەرۆک وەزیرانیی سێر جۆن مێجەر و ئەمریکا، بوونە هۆی دەرچوونی بڕیاری 688، کە لە ئەنجامدا ناوچەی نەوای ئارام و دژەفڕین بۆ پاراستنی گەلی کوردستان ڕاگەیەندرا. ئەم هەنگاوەش بووە بنەمایەک بۆ دەسپێکی پرۆسەی دیموکراسی، ئەنجامدانی یەکەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی و پێکهێنانی کابینەی یەکەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە جەختی لەوە کردەوە، کە ئەو ئارامییەی ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان هەیە بە ئاسانی بەدەست نەهاتووە. ئاماژەی بەوەش کرد کە کوردستان ئێستا بووەتە نموونەی پێکەوەژیان و پەناگەیەکی ئارام بۆ ئاوارە و پەنابەران، بەتایبەت لە سەردەمی هێرشەکانی داعشدا کە پێشوازی لە نزیکەی 2 ملیۆن ئاوارە کرد.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەفین دزەیی وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانین بۆ وڵاتانی هاوپەیمان، دۆست و دراوسێ کە لە قۆناغە سەختەکاندا پاڵپشتی هەرێمی کوردستان بوون، داوای کرد کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە قۆناغی داهاتووشدا بەردەوام بن لە پاراستنی دەستکەوتەکان و پشتیوانیکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.