لە ڕووداوێکی دڵتەزێندا لە سنووری قەزای هەریر، هەورە بروسکە گیانی گەنجێکی تەمەن 27 ساڵی ستاند، کە لە کاتی ڕووداوەکەدا سەرقاڵی شوانکارەیی بووە و لەگەڵ ئامۆزایەکی لە ژێر خێمەیەکدا بووە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، لە سنووری قەزای هەریر، گەنجێک بەهۆی هەورە بروسکەوە گیانی لەدەستدا.
گەنجەکە ناوی (عەبدولڕەحمان لوقمان)ـە و تەمەنی 27 ساڵە، دانیشتووی گوندی ناوشیوانی سەرووە. بەپێی زانیارییەکان، ناوبراو لە گوندی "سەرکەور" خەریکی شوانکارەیی بووە، لە کاتی ڕووداوەکەدا لەگەڵ ئامۆزایەکی لەژێر خێمەیەکدا بووە و بروسکە لێی داوە، بەو هۆیەوە دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.
لەو بارەیەوە، لەزگین سەباح، بەڕێوەبەری کارگێڕی نەخۆشخانەی هەریر ڕایگەیاند، تەرمی گەنجەکە گەیەندراوەتە بەشی فریاکەوتن و شوێنەواری هەورە بروسکەکە بە جەستەیەوە دیار بووە.
هاوکات، محەمەد ئامۆکەیی، بەرپرسی ڕاگەیاندنی تەندروستی شەقڵاوە بە کوردستان تیڤی ڕاگەیاند؛ گەنجەکە لە کاتی کارکردندا بووەتە قوربانی و بەهۆی سەختی برینەکەیەوە پێش گەیشتنی بە نەخۆشخانە گیانی سپاردووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.