ئیدارەی ترەمپ ڕایگەیاند کە مافی مانەوەی یاسایی (Green Card) لە حەمیدە سولەیمانی ئەفشار، برازای قاسم سولەیمانی فەرماندەی کۆچکردووی فەیلەقی قودسی ئێران و کچەکەی سەندراوەتەوە و لە ئێستادا دەستبەسەرن.
حەمیدە ئەفشار و کچەکەی کە هەڵگری مافی مانەوەی هەمیشەیی بوون و بە شێوازێکی شاهانە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەژیان، یەکێک بوون لە لایەنگرە سەرسەختەکانی ڕژێمی ئێران. ناوبراو لە چەندین بۆنەدا ئاهەنگی بۆ هێرشکردنە سەر ئەمریکییەکان گێڕاوە و ویلایەتە یەکگرتووەکانی بە "شەیتانی گەورە" ناوبردووە.
ئیدارەی ئەمریکا ئاشکرای کردووە کە بە فەرمی کۆتایی بە پێگەی یاسایی حەمیدە و کچەکەی هێنراوە و لە ئێستادا لەلایەن فەرمانگەی کۆچ و کۆچبەرانی ئەمریکا (ICE) دەستبەسەر کراون، تاوەکو ڕێکارەکانی دەرکردنیان لە خاکی ئەمریکا تەواو بکرێت.
ئەم بڕیارەی ئیدارەی ترەمپ لە چوارچێوەی سیاسەتێکی تونددایە کە ڕێگە نادات ئەمریکا ببێتە مەڵبەندێک بۆ ئەو کەسە بیانییانەی پشتگیری لە ڕژێمە تیرۆریستییە دژە ئەمریکییەکان دەکەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.