پاش تێپەڕبوونی 37 ڕۆژ بەسەر هەڵگیرسانی جەنگ لە نێوان ئێران و هاوپەیمانیی ئەمریکا و ئیسرائیل، ئامارە نوێیەکان قەبارەی ئەو وێرانکارییە گەورانە دەخەنە ڕوو کە ڕووبەڕووی ژێرخانی سەربازی و ئابووریی تاران بووەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتە هەواڵگری و سەربازییەکان، لە ماوەی ئەو 37 ڕۆژەی جەنگدا، زیاتر لە 37000 ئامانج لە ناوخۆی ئێراندا بۆردومان کراون، کە بووەتە هۆی تێکشاندن و زیانگەیشتن بە 131000 پێگە و باڵەخانە و سەکۆی موشەکی و دامەزراوەی حکوومی و ئابووری.
لە ڕووی مرۆییەوە، زیانەکانی ئێران بە قورس وەسف دەکرێن، بەو پێیەی ژمارەی کوژراوانی سوپای پاسداران، بەسیج و هێزە ئەمنییەکان 14000 کەسی تێپەڕاندووە. هەروەها لە کۆی ئەو لیستە 3000 کەسییەی کە ئیسرائیل پێش جەنگ وەک "ئامانجی پلە یەک" بۆ کوشتنی بەرپرسە باڵاکان ئامادەی کردبوو، تا ئێستا 2841 بەرپرسی باڵای سەربازی و ئەمنی کوژراون و تەنیا 159 بەرپرس لە ژیاندا ماون، کە 43 کەسیان بەهۆی پارێزبەندییەکی ئەمریکییەوە پارێزراون.
لە بەرامبەردا، ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئێران و میلیشیاکانی لەم ماوەیەدا 721 هێرشیان کردووەتە سەر هەرێمی کوردستان. هەروەها تێچووی جەنگەکە بۆ ئیسرائیل گەیشتووەتە 12 ملیار دۆلار و بۆ ئەمریکاش نزیکەی 40 ملیار دۆلار بووە، لە کاتێکدا زیانە مادییەکانی ئێران ئاستێکی پێوانەیی تۆمار کردووە و 3000 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.
لە ڕووی مەیدانییەوە، ژمارەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا لە زیادبووندایە و گەیشتووەتە 33000 سەرباز و بڕیارە تا کۆتایی ئەم هەفتەیە بۆ 50000 سەرباز بەرز بکرێتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە بەپێی ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا، توانای موشەکیی ئێران بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و تەنیا 50%ـی کۆی هێزی موشەکی و 20%ـی موشەکە بالیستییەکانی لەدەستدا ماوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.