Erbil 31°C ھەینی 12 حوزەیران 09:31

پارتی: دادپەروەری بۆ کوردانی فەیلی پێوەرێکی سەرەکییە بۆ دیموکراسییەت

کوردستان TV
100%

لە ساڵیادی جینۆسایدکردنی کوردانی فەیلیدا، د. شاخەوان عەبدوڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، چل و شەش ساڵ بەر لە ئەمڕۆ، مێژوو شایەتی توندترین و دڕندانەترین شاڵاوی ڕەگەزپەرستی بوو دژ بە پێکهاتەیەکی ڕەسەن و زیندووی گەلەکەمان.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوە کرد، ئەم تاوانە تەنها چیرۆکێکی غەمناک نییە، بەڵکو برینێکی ساڕێژنەبووی جەستەی نیشتمان و گەواهیدەری ئەو قوربانییە مەزنانەیە کە ئەم توێژە تێکۆشەرە لەپێناو ناسنامەی نەتەوەیی و کەرامەتی مرۆیی خۆیاندا بەخشییان. وتیشی: "ئەو زوڵمە ڕێکخراوەی بەرامبەر خوشک و برا فەیلییەکانمان کرا، لە بێسەروشوێنکردنی هەزاران گەنج و زەوتکردنی ماڵ و سامان، هەوڵێکی نەزۆک بوو بۆ سڕینەوەی ڕەگ و ڕیشەی نەتەوەیەک کە هەمیشە وەک چیاکانی کوردستان سەربەرز و خۆڕاگر بوون."

د. شاخەوان عەبدوڵا جەختی کردەوە، کە ویژدانی مرۆیی و یاسایی ئارام ناگرێت تا ئەو کاتەی دەوڵەتی عێراق بە کردەیی تەواوی ئاسەوارە شوومەکانی ئەو تاوانە دەسڕێتەوە. ڕاشیگەیاند، پێویستە پرۆسەی قەرەبووکردنەوەی ماددی و مەعنەوی و گێڕانەوەی ناسنامە و مافە زەوتکراوەکانیان، ببێتە کارە لەپێشینەکان و چیتر لەژێر تەمومژی بیرۆکراسیدا وون نەکرێن، چونکە دادپەروەری بۆ کوردانی فەیلی، پێوەرێکی سەرەکییە بۆ سەلماندنی دیموکراسییەت و مافی مرۆڤ لە عێراقدا.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی سڵاو و دروودی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردانی فەیلی نارد و ڕایگەیاند، شکۆ و نەمری بۆ هەموو ئەو تێکۆشەرانەی کە سەرەڕای هەموو هەوڵەکانی سڕینەوە، وەک ناسنامەیەکی ڕەسەنی کوردستان بە زیندوویی مانەوە.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.