سوپای پاسداران ڕایگەیاند کە ئەو کەشتییەی کراوەتە ئامانج لە ناو بەندەرێکی بەحرەین بووە نەک لە گەرووی هورمز وەک ئەوەی سەرەتا ڕایانگەیاندبوو
- هێرش کرایە سەر بنکەکانی ئێران
میدیاکانی ئێران ڕایانگەیاند کە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل وێستگەیەکی ئەتۆمی، ناوەندێکی پترۆکیمیایی، تێرمیناڵێکی بازرگانی و کارگەیەکی چیمەنتۆیان کردووەتە ئامانج. ئاژانسی فەرمی "ئیرنا" بڵاویکردەوە، هێرشێک لە نزیک وێستگەی ئەتۆمی بوشەهر بووەتە هۆی کوژرانی پاسەوانێکی وێستگەکە، بەڵام هیچ زیانێکی بە دامەزراوەکە نەگەیاندووە. ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم (IAEA) جەختی کردەوە کە ئاستی تیشکدانەوە زیاد نەکردووە. هەروەها ئاژانسی "فارس" دەڵێت 5 کەس لە ناوەندێکی پترۆکیمیایی لە ماهشەهر بریندار بوون. لە خورەمشەریش بەهۆی هێرشێکەوە بۆ سەر تێرمیناڵێکی بازرگانی شۆفێرێکی عێراقی کوژرا و 2 کرێکاری ئێرانی بریندار بوون. وەزیری زانستی ئێرانیش ڕایگەیاند "زیاتر لە 30 زانکۆ" لە سەرەتای جەنگەکەوە کراونەتە ئامانج.
- هاتووچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز
تانکەرێکی گازی شل (LPG) کە ئاڵای هیندستانی بەسەرەوە بووە، بە گەرووی هورمزدا تێپەڕی. تورکیاش ڕایگەیاند کەشتییەکی دووەمی تورکی تێپەڕیوە. ڕۆژی هەینیش کەشتییەکی فەرەنسی و یەکێکی ژاپۆنی بە سەلامەتی تێپەڕین. هاوکات سوپای پاسداران ڕایگەیاند کە لە ڕێگەی درۆنەوە کەشتییەکی پەیوەندیدار بە ئیسرائیلیان بە ناوی "MSC Ishyka" لە بەندەرێکی بەحرەین کردووەتە ئامانج و ئاگری تێبەربووە.
- ئیسرائیل داوا لە لوبنانییەکان دەکات ناوچەکانیان چۆڵ بکەن
ئیسرائیل هۆشدارییەکی بەپەلەی بە دانیشتووانی ناوچەکانی شاری "سووڕ" لە لوبنان داوە بۆ ئەوەی ماڵەکانیان چۆڵ بکەن. پێشتر وەزارەتی تەندروستی لوبنان ڕایگەیاندبوو هێرشەکان 11 برینداری لێکەوتووەتەوە و زیانیان بە چەندین باڵەخانە و نەخۆشخانەیەکی گەورە گەیاندووە.
- سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا و پرسی وزە
جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا لە سەردانەکەیدا بۆ وڵاتانی کەنداو لەگەڵ سەرکردەکانی قەتەر باسی لە کێشەکانی وزە و ڕێکارەکانی کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی جەنگ کرد.
- کوژرانی چەکدارێکی حەشدی شەعبی
حەشدی شەعبی لە عێراق ڕایگەیاند کە چەکدارێکیان لە نزیک سنووری سووریا بەهۆی هێرشێکی "ئەمریکی-ئیسرائیلی" کوژراوە. حەشدی شەعبی لەوەتەی 28ـی شوباتەوە چەندین جار کراوەتە ئامانج.
- لە سێدارەدان لە ئێران
ئێران 2 کەسی بە تۆمەتی ئەندامێتی لە ڕێکخراوی موجاهیدینی خەلق (MEK) لە سێدارە دا. پێشتریش لەم هەفتەیەدا 4 ئەندامی دیکەی هەمان ڕێکخراو لە سێدارە درابوون.
- 4 بریندار لە بەحرەین
بەهۆی تێکشاندنی درۆنەکانەوە، پارچەکانیان بوونە هۆی برینداربوونی 4 کەس لە بەحرەین. لە دوبەیش پاشماوەی درۆنەکان زیانیان بە 2 باڵەخانە گەیاندووە کە یەکێکیان هی کۆمپانیای "ئۆراکڵ"ـی ئەمریکییە.
- برینداربوونی پاسەوانانی ئاشتی نەتەوە یەکگرتووەکان
ئەندۆنیزیا تەقینەوەیەکی ناو دامەزراوەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکانی لە لوبنان شەرمەزار کرد کە بووە هۆی برینداربوونی 3 پاسەوانی ئاشتی وڵاتەکەی. بەرپرسێکی ئەمنی بە AFPـی ڕاگەیاندووە سوپای ئیسرائیل لە ماوەی 24 کاتژمێردا 17 کامێرای چاودێری بنکەی سەرەکی یونیفیڵیان لە باشووری لوبنان تێکشکاندووە.
- ئاراستەکردنی مووشەک بۆ سەر ئیسرائیل
سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند سیستەمی بەرگری وەڵامی ئەو مووشەکانەی داوەتەوە کە لە ئێرانەوە ئاراستە کرابوون. تیمی فریاگوزاری ئیسرائیل دەڵێت پیاوێکی تەمەن 45 ساڵ لە شاری "بنی براک" بەهۆی پارچە شووشەوە بە سووکی بریندار بووە.
- ئێران دەڵێت فڕۆکەی دووەمی ئەمریکای خستووەتە خوارەوە
میدیای فەرمی ئێران بڵاویکردەوە کە سوپای وڵاتەکەی فڕۆکەیەکی دیکەی جەنگی ئەمریکای لە کەنداو خستووەتە خوارەوە. تا ئێستا لایەنی ئەمریکی ئەم هەواڵەی پشتڕاست نەکردووەتەوە، بەڵام میدیاکانی ئەمریکا دەڵێن فڕۆکەوانەکە ڕزگار کراوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.