Erbil 31°C پێنجشەممە 11 حوزەیران 05:01

هیندستان ڕایگەیاند کەشتییەکی دیکەی گازی بە سەلامەتی لە گەرووی هورمز تێپەڕیوە

کوردستان TV
100%

حکوومەتی هیندستان بڵاویکردەوە، تانکەرێکی هەڵگری گازی شل (LPG) کە ئاڵای ئەو وڵاتەی بەسەرەوە بووە، بە سەلامەتی لە گەرووی هورمز تێپەڕیوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەهۆی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل و ئەمریکا، ناوچەکە تووشی قەیرانی هاتووچۆی کەشتییەکان بووە.

دوابەدوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کە بووەتە هۆی تێکچوونی دۆخی ئەمنیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تاران بۆ ماوەی زیاتر لە 1 مانگەکە هاتووچۆی کەشتییەکانی لە گەرووی هورمز پەکخستووە، کە ڕێڕەوێکی سەرەکی گواستنەوەی نەوت و گازە. سەرەڕای ئەمەش، هیندستان کە 2ـەم گەورەترین کڕیاری گازی شلە لە جیهاندا، توانیویەتی لە ماوەی 3 هەفتەی ڕابردوودا گەرەنتی تێپەڕبوونی چەند کەشتییەکی خۆی بکات.

وەزارەتی کەشتیوانی هیندستان لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرای کرد، کەشتی "گرین سانڤی" کە 46650 تۆن گازی شلی بارکردبوو و 25 دەریاوانی لەسەر بوو، بە سەلامەتی لە گەرووی هورمز پەڕیوەتەوە. ئاماژە بەوەش کراوە کە هێشتا 17 کەشتی دیکەی هیندستان لە ناوچەی کەنداو ماونەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی نەوتی هیندستان ڕایگەیاندووە کە کۆمپانیاکانیان بەردەوامن لە کڕینی نەوتی خاو لە ئێران و وڵاتانی دیکە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی وزە، و جەختیشی کردەوە کە هیچ کێشەیەک لە پرۆسەی پارەدان بە ئێران نییە. ئەم هەنگاوەی هیندستان دوای ئەوە دێت کە وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا بۆ ماوەیەکی کاتی سزاکانی سەر نەوتی ئێرانی سوککردووە، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە قەیرانی گەورەی وزە لە جیهاندا.

هیندستان نزیکەی 60%ـی پێداویستی گازی شل لە دەرەوە هاوردە دەکات و لە مانگی ئازارەوە بەدەست کەمیی دابینکردنی غازەوە دەناڵێنێت، ئەمەش وایکردووە حکوومەت سنووردارکردن بۆ بەکارهێنانی غاز لە پیشەسازییەکاندا دابنێت. پەیڕەوکردنی ئەم سیاستە هاوسەنگەی نیودەلهی لە کاتێکدایە کە هەم پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ تاران هەیە و هەم لەم دواییانەدا هاوکارییە تەکنەلۆژی و سەربازییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل فراوانتر کردووە.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.