ئەمڕۆ، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا سەرلەبەری ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باس لە کۆچی دوایی و بەڕێوەچوونی پرسەی بەرپرسێکی ڕژێمی پێشوو لە شاری هەولێر دەکەن.
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو هەواڵانەی لە چەند پەیج و کەناڵێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، گوایە بەرپرسێکی ڕژێمی پێشوو لە هەولێر کۆچی دوایی کردووە و سێ ڕۆژ پرسەی بۆ دانراوە، "بێبنەمان و دوورن لە ڕاستی". جەختیشی کردەوە کە هیچ پرسەیەک بۆ ئەو بەرپرسە لە هەولێر بەڕێوە نەچووە و بەڕێوەش ناچێت.
لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە، هەندێک کەناڵ بە مەبەستی پێکانی ئامانجی تایبەت، هەمیشە هەوڵی تێکدانی ناوبانگی هەولێر دەدەن و هەواڵی ناڕاست بڵاودەکەنەوە، هاوکات ڕەخنەی لەو بەرپرسانە گرت کە بێ ئاگا لە ڕاستی بابەتەکە، لێدوانیان لەسەر ئەو هەواڵە ناڕاستە داوە.
لە کۆتایی ڕوونکردنەوەکەدا، ئومێد خۆشناو هۆشداری توندی دا و ڕایگەیاند، پارێزگای هەولێر بە مافی یاسایی خۆی دەزانێت ڕێکاری توندی یاسایی بەرامبەر هەر کەس و کەناڵێک بگرێتەبەر کە بەشدارییان لە بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە هەواڵە چەواشەکارانەیەدا کردووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.