کەمێک پێش ئێستا، بە سێ مووشەک و فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان (درۆن) هێرشکرایە سەر ئەو شوێنەی کە پێشتر وەک بنکە و شوێنی مانەوەی هێزەکانی دیموکرات لە سنووری قەزای کۆیە بەکاردەهێنرا.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری (کوردستان تیڤی) لە کۆیە، هێرشەکە لە ڕێگەی 3 مووشەک و درۆنێکەوە ئەنجامدراوە و ئەو شوێنەی کردووەتە ئامانج کە پێشتر بارەگا و شوێنی نیشتەجێبوونی هێزەکانی دیموکراتی تێدابووە.
دەنگی تەقینەوەی مووشەک و درۆنەکە لە ناو سەنتەری قەزای کۆیە و دەوروبەری بیستراوە، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی ترس و دڵەڕاوکێ لای دانیشتووانی ناوچەکە.
تاوەکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، زانیارییە وردەکان لەبارەی قەبارەی زیانە گیانی و ماددییەکانی ئەو هێرشە بڵاونەکراونەتەوە و هێزە ئەمنییەکان بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی زیاتر گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.