Erbil 31°C ھەینی 12 حوزەیران 06:20

پەروەردەی هەولێر 13 ڕێنمایی نوێی بۆ خوێندنی ئەلیکترۆنی و بەردەوامیی پڕۆسەی خوێندن بڵاوکردەوە

کوردستان TV
100%

بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی ناوەندی هەولێر، لە نووسراوێکی فەرمیدا کە ئاراستەی سەرجەم قوتابخانە بنەڕەتی و ئامادەییەکانی سنوورەکەی کردووە، کۆمەڵێک ڕێنمایی نوێی بۆ بەردەوامیی پڕۆسەی خوێندن بە شێوازی "ئۆنلاین" دەرکرد. ئەم بڕیارانە دوای بڕیاری وەزارەتی پەروەردە دێت بۆ ڕاگرتنی دەوامی ناوەندەکانی خوێندن.

گرنگترین خاڵەکانی ناو ڕێنماییەکان:

1-  قوتابخانە حکوومییەکان پێویستە سوود لە هەردوو پۆرتال و پلاتفۆرمی (ئی-وانە) بۆ پۆلی 1 تا 12 و پلاتفۆرمی (قوتابخانەکەم) بۆ پۆلی 1 تا 5 وەربگرن.

2- قوتابیان دەتوانن لە ڕێگەی "ژمارەی سریالی" (کە لەسەر کارتی قوتابی هەیە) وەک ناوی بەکارهێنەر و "ڕێکەوتی لەدایکبوون" وەک وشەی نهێنی، بچنە ناو پلاتفۆرمەکان.

3-  پێویستە مامۆستایانی پسپۆڕ گروپ لە (ڤایبەر، واتسئاپ، تێلیگرام) دروست بکەن بۆ پەیوەندی لەگەڵ قوتابیان، ناردنی وانە تۆمارکراوەکان، چارەسەرکردنی ڕاهێنانەکان و ئامادەکاری بۆ تاقیکردنەوەکان.

4- هەموو هەڵسەنگاندن و تاقیکردنەوەکان لە ناو بینای قوتابخانەکان ئەنجام دەدرێن و هیچ قوتابییەک بۆ قوتابخانەی تر ناگوێزرێتەوە.

5- پێویستە قوتابخانەکان خشتەیەک بۆ وانە وتنەوەی ڕۆژانە دابنێن و ئەرکی ماڵەوە (تەقەلا) بە شێوەی ڕۆژانە بە قوتابیان بدەن.

6- تەلەفزیۆنی پەروەردەیی: ئەو قوتابیانەی بەهەر هۆکارێک ناتوانن بچنە ناو پلاتفۆرمەکان، دەتوانن سوود لە "تەلەفزیۆنی پەروەردەیی هەولێر" وەربگرن کە وانەکانی تێدا پەخش دەکرێت.

7- ئەو قوتابخانانەی توانای گوتنەوەی وانەی ڕاستەوخۆیان هەیە، دەبێت بە نووسراوی فەرمی و بە ئاگاداری سەرپەرشتیار، ناوی مامۆستاکان ڕەوانەی بەشی پلاندانان بکەن.

8- پێویستە هەموو ڕۆژانی سێشەممەیەک مامۆستایان فیدباک و ڕاپۆرتی خۆیان لەسەر ئاستی بەشداریکردنی قوتابیان پێشکەشی بەڕێوەبەری قوتابخانە بکەن.

لەکۆتایی نووسراوەکەدا کە واژۆی (دڵێر عەبدوڵا حەسەن) بەڕێوەبەری پەروەردەی ناوەندی هەولێری بەوەکالەتی لەسەرە، جەختکراوەتەوە کە وەزارەت گۆڕانکاری لە ساڵنامەی خوێندن و کاتی تاقیکردنەوەکاندا دەکات بە جۆرێک کە مافی قوتابیان پارێزراو بێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.