هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت ئەمشەو چوارشەممە كۆبووەوە، لە كۆبوونەوەكەدا بەفەرمی رۆژی 11ی نیسانی داهاتوو دیاری كرا بۆ وادەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق.
كۆبوونەوەكەی ئەمشەوی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت، بە ئامادەبوونی لەتیف رەشید سەرۆک کۆمار، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیران، هەیبەت حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمان و فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بەڕێوەچوو.
بەپێی راگەیەنراوی هاوپەیمانییەكە، لە کۆبوونەوەكەدا دوایین پێشهاتە ناوخۆیی و دەرەکییەکان و هێرش و پەلامارەكانی ئەم دواییەی سەر دامەزراوەكانی دەوڵەت تاوتوێ كرا و هەموو ئەو جۆرە پێشێلكارییەكان رەتكرانەوە، هەروەها جەخت لە تەواوی مافەكان بۆ بەرگریكردن لە ئاسایشی عێراق كرایەوە، دووپاتیش كرایەوە كە رێگە نادرێت خاك و ئاسمان و ئاوی عێراق بۆ هێرشكردنە سەر وڵاتانی دیكە بەتایبەتیش وڵاتانی دراوسێ بەكاربهێنرێت.
هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت هەروەها سەركۆنەی هەموو ئەو هێرشانەی كرد كە لە ماوەكانی رابردوو كراونەتە سەر دامەزراوەكانی دەوڵەت، نێردە دیپلۆماسییەکان لە عێراق، هێزە ئەمنییەکان و دامەزراوە گرنگەکان لە هەرێمی كوردستان، بەغدا، بەسڕە، واسیت، مووسڵ، ئەنبار و پارێزگاکانی دیکە.
لە كۆتاییدا هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت جەختی لە گرنگیی یەکلاکردنەوەی شایستە دەستوورییەکان کردەوە، بڕیاریشی دا ئەنجوومەنی نوێنەران رۆژی 11ی نیسانی 2026 دانیشتنی تایبەتی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق ئەنجام بدات وەک هەنگاوی یەكەم بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.