کەمانچەژەنە دێرینەکەی شەقڵاوە و کوردستان...!
هونەر بە گشتی بەشێکی دانەبڕاوە لە ژیانی کۆمەڵی کوردەواری، سەرەڕای ئەو هەموو ستەم و زوڵم و داگیرکاری و جینۆسایدەی بەرامبەر بە گەلی کورد کراوە، هونەرمەندان بە گشتی و بواری هونەری مۆسیقا و گۆرانی و سروود بە تایبەتی خۆنەویستانە و دڵسۆزانە بە گەرووی پاراوی کوردانەیان و سینە و دەست و پل و پەنجە و ژێی ئامێرە مۆسیقییەکانیان نەیانهێشتووە فەرهەنگ و کەلتوور و زمان و هونەری ڕەسەنی ئەم گەلە بندەست و ستەمدیدەیە لە دەست بچێت و بفەوتێت، لەگەڵ هەموو لەمپەرەکانی داگیرکەر لە بەردەمیاندا دروستی کردووە، هونەرمەندانای کورد بوێرانە لە شار و لە شاخ و لە هەندەران لە خەمی پاراستن و بەرەو پێشبردنی هونەری ڕەسەنی نەتەوەکەیاندا بوون.
هونەرمەندی ژەنیار (ڕەنجبەر خۆشناو) یەکێکە لەو هونەرمەندانەی لە قۆناغی خوێندنی سەرەتایییەوە لە ژێر سایە و ڕێنمایییەکانی مامۆستای هونەر و خانەوادە تێکۆشەرەکەی عاشق بە هونەر بووە و پلە بە پلە هەنگاوی هەڵگرتووە و گەشەی کردووە تا گەیشتووەتە ئەو ئاستە بەرزەی دەست و پل و پەنجەکانی لەسەر ژێی ڤیۆلۆنەکەی سەربکەوێت و ببێتە هونەرمەندێکی ناودار و خاوەنی پێگە و کەسایەتیی هونەری هاوتای برای گەورەکەی هونەرمەند (ڕزگار خۆشناو) لە نێوەندی هونەری موزیک و ئاواز و گۆرانی کوردیدا ڕۆشن و بدرەوشێتەوە.
بە پێویستم زانی ئەم ڕێبوارە ماندوو و دڵسۆزەی ڕێگا پیرۆزەکەی مۆسیقا و گۆرانی ساڵانێکە خزمەت دەکات، بە چەند پرسیارێک لاپەڕەکانی ژیانی هونەریی هونەرمەند کە تژییە لە خزمەت و بەخشین و تێکۆشان لە پێناو سەرخستن و بەرەوپێشبردنی مۆسیقای کوردی بیدوێنم، خوێنەران بە مێژووی هونەریی هونەرمەند ڕەنجبەر خۆشناو ئاشنا بکەم.
هونەرمەندی ژەنیار ڕەنجبەر خۆشناو بناسین ...!
لە ناو خانەوادەیەکی تێکۆشەر و کوردپەروەر و هونەردۆست و هونەرخۆشەویست، خانەوادەیەک دڵسۆز بە فەرهەنگ و کەلتوور و زمان و هونەر (ڕەنجبەر حەسەن ئەحمەد) لە ڕێکەوتی 29/6/1953 لە دامێنی چیای سەفین لە گەڕەکی (تەم تەم)ی شارۆچکە و هاوینەهەوارە دڵفڕێنەکەی شەقڵاوەی ڕەنگین چاوی بە ژیان هەڵهێناوە.
ڕەنجبەر لە ساڵی 1960 لە زێدەکەی خۆی خراوەتە بەر خوێندن لە قوتابخانەی (ڕزگاری)ی سەرەتایی، تا پۆلی چوارەمی سەرەتایی لە قوتابخانەی ناوبراو خوێندوویەتی، لەبەر بچووکی قوتابخانەکە ڕەنجبەر دەگوازرێتەوە بۆ قوتابخانەی (شەقڵاوە)ی سەرەتایی، پۆلی پێنج و شەشەمی سەرەتایی و لە هەمان قوتابخانە قۆناغی ناوەندیش تەواو دەکات.
لەبەر ئەوەی هونەر بووەتە بەشێکی گرنگ و پیرۆز لە ناو خانەوادەکەیان، ڕەنجبەر خۆشناو بە مەبەستی درێژەدان بە خوێندن و بەدەستهێنانی زانیاری زیاتر لە بواری هونەری مۆسیقادا ڕوودەکاتە شاری بەغداد و لە ساڵی 1970 لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی بەغداد بەشی مۆسیقا لەسەر ئامێری (کەمان - ڤیۆلۆن) وەردەگیرێت.
لە ڕێی چەند پرسیارێکەوە ڕۆدەچینە نێو ژیانی کۆمەڵایەتی و هونەریی هونەرمەند ڕەنجبەر خۆشناو، بەڕێزیشیان زۆر بە ئەمانەت و ڕاشکاوانە لاپەڕە شیرینەکانی دوێنێی ژیانی خۆیی بۆمان هەڵدەداتەوە و بە کار و تێکۆشانی بەردەوامی لە ڕێگا پیرۆزەکەی هونەردا ئاشنامان دەکات.
پرسیار: بەهرەی هونەریتان لە چ قۆناغێکی تەمەنتان سەری هەڵدا؟
ڕەنجبەر خۆشناو:
بەهرەی هونەریم لە پۆلی پێنج و شەشەمی سەرەتاییەوە دەستی پێکرد کاتێ مامۆستا (فەرەیدون سەعید جەعفەر دارتاش - 1943 سلێمانی) ناسراو بە (فەرەیدون دارتاش) مامۆستای سروودمان بوو زۆر ڕای لە دەنگم بوو لە تیپی کۆرسی قوتابخانە داینام هەر لەو کاتی شەیدای ئامێری کەمان بووم لە میانەی ئاهەنگی نەورۆز کە مامۆستا فەرەیدون بە کەمانەکەی بەشدار بوو هەرچەندە پێشتر لە چەند ئاهەنگێکی تیپی هونەری هەولێر کە ناوە ناوە هاوینان لە باغەکانی شەقڵاوە ئەنجامیان دەدا هەڵبەتە من بۆم نەبوو بچمە ناو ئاهەنگەکە لە درزی تانۆکەوە (سیاج) تەماشام دەکرد کە زۆر سەرنجڕاکێش بوو بە تایبەتی کەمانەکەی مامۆستا (واحید مەرجان 1942 - 9/2/2016) بەڵام کە لە نزیکەوە کەمانەکەی مامۆستا فەرەیدون دارتاشم بینی زیاتر شەیدای ئامێرەکە بووم.
هەمیشە ئاماژەم بە ڕۆڵی گرنگی مامۆستای وانەی هونەر داوە، کە چ ڕۆڵێکی بەرزی هەبووە لە دەستنیشانکردنی ئەو قوتابییە بەهرەدار و بەتوانایانە، هونەرمەند ڕەنجبەر خۆشناو ئاماژە بە ڕۆڵی مامۆستا و هونەرمەند (فەرەیدون دارتاش) دەکات لە دەستگرتن و هێنانی بۆ نێو دنیای جوانی هونەر.
مامۆستا و هونەرمەند و ئەندامی دێرینی تیپی مۆسیقای سلێمانی، یادەوەریی ئەو ڕۆژانەمان بۆ دەگێڕێتەوە کاتێک مامۆستای هونەر بووە لە شەقڵاوەی ڕەنگین:
(من لە ساڵی 1963 تا 1965 مامۆستای هونەر بووم لە شەقڵاوە، لەو ماوەیەدا لە قوتابخانەی شەقڵاوە و سۆرکی سەرەتایی و ئامادەیی شەقڵاوە وانەی هونەرم دەوتەوە. بۆ یەکەم جار لەو شارەدا سروودە نیشتمانییە کوردییەکانی ئەو سەردەمەم دەوتەوە بە بەرپرسیارێتی خۆم چونکە لە پڕۆگرامی خوێندندا نەبوو، لە پۆلەکاندا ئەو خوێندکارەی توانا و بەهرەیەکی تێدا بوو جیام دەکردنەوە، لە کۆی پۆلەکاندا تیپێکی سروودم بۆ قوتابخانەکە دروست کرد، هەموو بەیانییەک پێش وانە خوێندن سروودەکانیان لە ڕیزدا دەوتەوە، (هەر قوتابخانەیەکیش تیپی سروودی تایبەتی خۆی هەبوو) ئەو سروودانە کە بۆ یەکەم جار بیسترابوون هەستێکی نەتەوەیی و خۆشەویستی بۆ نیشتمان زیاتر لە نێو خوێندکارەکاندا دروست دەکرد.
دوای ئەوە هەوڵی ئەوەم دا ئەو خوێندکارەی دەنگی خۆشە و توانا و بەهرەیەکی باشی هەیە جیایان بکەمەوە، لە هەر سێ قوتابخانەکە تیپێکی تایبەت دروست بکەم کە ئاستێکی باشیان هەبێت، ئەمانە بە جیا پڕۆڤەم پێ دەکردن و وردە وردە تیۆری مۆسیقاشم پێ دەوتنەوە، بە دڵنیایییەوە لە نێو ئەمانیشدا هەندێ خوێندکاری بەتوانا و بەهرەداریش هەڵکەوتن کە چاوەڕێی دواڕۆژێکی هونەریی باشیان لێ ڕەچاو دەکرا.
هەرچەندە لەو کاتەدا بارودۆخی دەروونیم لەبار نەبوو بەهۆی ئەوەی ماوەیەکی کەم بوو مامۆستا (ئەنوەر دارتاش)ی برا گەورەم لە کارەساتی (9ی حوزەیرانی ساڵی 1963) لە سلێمانی شەهید کرابوو، سەرەڕای ئەو دۆخە ناهەموارە هەوڵم دا خولێکی مۆسیقا بۆ خوێندکارە بەتواناکان بکەمەوە، چونکە بە پێویستم دەزانی وەک ئەرکێکی ویژدانی و نەتەوەییم.
بەڵام بە داخی زۆرەوە ژمارەیەکی کەم لە خوێندکارەکان ئامادەییان دەربڕی، ئەویش بەهۆی هەل و مەرجی ئەو کاتە و باری کۆمەڵایەتی ئەو سەردەمە، لە نێو ئەو خوێندکارانەدا چەند کەسێکیان زۆر بەهرەدار بوون، داخەکەم ناوی زۆربەیانم لە یاد نەماوە داوای لێبووردنیان لێدەکەم کە ناتوانم ناویان بهێنم.
بەڵام سەبارەت بە هونەرمەندی بەتوانا و زێدە خۆشەویست کاکە (ڕەنجبەر خۆشناو) لە ڕاستیدا ئەوم هەمیشە لە یادە چونکە خوێندکارێکی زیرەک و بەتوانا بوو، هیچ کات لە کاتی پڕۆڤەکردندا دوا نەدەکەوت، هەمیشە ئەرکەکانی وەک پێویست ئەنجام دەدا. کاکە ڕەنجبەر خوێندکارێکی لەسەرخۆ و هێمن بوو خاوەن ڕێزێکی تایبەت بوو، ئەو پابەندبوون و خۆماندووکردنەی گەیاندیە ئەو ئاستە بەرزە و بەتوانایەی لە هونەری مۆسیقا کە توانی ڕۆڵێکی بەرچاو و دیاری هەبێت لە خزمەتکردنی هونەری ڕەسەنی کوردی چ لە شەقڵاوە و هەولێر و دەرەوەی کوردستانیش کە جێی ستایشە ئەمڕۆ بووەتە ناوێکی دیار لەو بوارەدا. پێویستە و ڕەوایە و لە جێی خۆیدا ئاماژە بەوە بدەم کە هونەرمەند (ڕزگار خۆشناو و ڕەنجبەر خۆشناو) وەک نەوەی یەک بنەماڵە خزمەتێکی گەورەیان بە هونەری ڕەسەنی گەلەکەمان بەخشیوە کە هەمیشە جێی ڕێز و ستایشکردنن) (1).
پرسیار: ئەو بەهرە هونەرییەی سەرەتا دەنگخۆشی بوو یان هەر بە موزیک ژەنین دەستان پێکرد؟
ڕەنجبەر خۆشناو:
سەرەتا لە ڕێی دەنگخۆشییەوە بوو بە کۆرس دواتر بە گۆرانیبێژ دەستم پێکرد لەگەڵ تیپی مۆسیقای سەفین. لە ساڵی 1968 بە هەوڵ و تێکۆشانی چەند هونەرمەندێکی دڵسۆز و خەمخۆر بۆ هونەری شانۆ و موزیک و گۆرانی گرووپێکی هونەری لە شەقڵاوە دادەمەزرێت و ناوی دەنێن (تیپی مۆسیقا و شانۆی سەفین)، ئەو سەردەمە لە لایەن بەرپرسانی لیژنەی ناوچەی شەقڵاوە بەڵێنی دابینکردنی چەند ئامێرێکی مۆسیقایان پێ دەدرێت و بۆیان دابین دەکەن.
هونەرمەندانی تیپی مۆسیقا و شانۆی سەفین لە سەرەتای دامەزراندنیانەوە بە تایبەت هونەرمەندانی مۆسیقا بریتی بوون (مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن قادر، سەرۆکی تیپ بووە و ئامێری کەمانچە و عوودی ژەنیوە)، (حەمید قەساب ژەنیاری ئامێری کەمانچە و ئاوازدانەر)، فاروق ساڵح کۆیی، ڕەنجبەر خۆشناو، سابیر سابیر، بێجان بابەجان (ئەم هونەرمەندانە ئامێری کەمانچەیان ژەنیوە)، (ڕزگار خۆشناو - ئامێری عوود)، (محەمەد شێخ محەمەد - ئامێری ئیقاع)، (ئەندراوس - ئامێری ئۆکۆردیۆن)، (ئەمین سەرسپی - ئامێری نای)، (نەجات جەرجیس - ئامێری کلارنێت)، (ئازاد مەجید عومەر - ئامێری ڤایۆلین)، (مەجید حاجی خدر - ئامێری چەلۆ)، (ڕەمزی مەهدی حەسەن، سروود و گۆرانیبێژ و کۆرس)، (جەعفەر حەسەن، گۆرانیبێژی میللی تیپ) (2).
پرسیار: یەکەم ئامێری موزیک دەستان دایە (کەمانچە - ڤیۆلۆن) بوو، بۆ ئەو ئامێرەتان هەڵبژارد؟
ڕەنجبەر خۆشناو:
یەکەم ئامێر دەستم دایێ دەفی بچووک (دایرە) بوو دواتر لە لایەن ناوچەی پارتی چەند ئامێرێکیان بۆ کڕین لە بەغدا، ئامێرەکان بریتی بوون لە چەند کەمان و عودێک و ئۆکۆردیۆن و ڕیتم، ئەو کاتی سەرپەرشتیاری تیپەکە مامۆستا (عەبدوڵڵا حەسەن خۆشناو - 1943 شەقڵاوە) بوو کۆنترین ژەنیاری کەمان بوو لە شەقڵاوە، هەر ئەویش هانیدام کە ئامێری کەمان هەڵبژێرم و چەند وانەیەکی سەرەتایی پێ وتین کە من و فاروق ساڵح کۆیی لەسەر ئامێری کەمان بەردەوام بووین
پرسیار: تیپی مۆسیقای سەفین ساڵی 1968 لە شەقڵاوە دامەزراوە، لە سەرەتای دامەزراندنی ئەو تیپە مۆسیقییەوە بەڕێزتان ئایا وەک ژەنیار یان گۆرانیبێژ بوونەتە ئەندام لە تیپی ناوبراو؟
ڕەنجبەر خۆشناو:
تیپەکە کە دامەزرا (تیپی مۆسیقا و شانۆ) بوو من سەرەتا بە کۆرس، نواندن و گرووپی هەڵپەڕکێ لە تیپی مۆسیقای سەفین دەستم پێکرد تا ساڵی 1970 بەردەوام بووم و دواتر بە بەردەوامی وەک ژەنیار دەستم بە کاری هونەری کرد.
پرسیار: ماوەی چەند ساڵ تێکۆشانی هونەریتان لە ناو تیپی مۆسیقای سەفین ئەنجام دا؟
ڕەنجبەر خۆشناو:
ماوەی 7 ساڵ لە ناو ئەو تیپەدا بووم، لەبەر ئەوەی دوای نسکۆی ساڵی 1975 گەڕامەوە، ماڵمان هاتبووە هەولێر و منیش لەوێ نیشتەجێ بووم، لە تیپی مۆسیقای سەفین دابڕام و کۆمەڵە برادەرێکی بەڕێز درێژەیان بە کاری هونەری دا لە تیپی مۆسیقای سەفین.
پرسیار: کار و چالاکییە هونەرییەکانی تیپی مۆسیقای سەفین تەنها لە ناو شەقڵاوە بوو، یان لە شوێنانی دیکە چالاکی هونەریتان ئەنجام داوە؟
ڕەنجبەر خۆشناو:
هەرچەندە زۆربەی چالاکییە هونەرییەکانمان لە شەقڵاوە بوو، بەڵام لە پیرمام لە ناوچە ئازادکراوەکانی ئەو سا کە دەبوایە بە نهێنی بچین وەک هەریر، هیران، گەڵاڵە، عەوێنە، ناوپردان، بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی ئاهەنگ و چالاکی هونەریمان ئەنجام داوە.
پرسیار: کاتێک بڕوانامەی دبلۆمتان لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی بەغدا بەدەستهێنا و گەڕایتەوە کوردستان، ئایا وەک مامۆستای هونەر دامەزرایت، لەکوێ دامەزرایت و دەست بەکار بوویت؟
ڕەنجبەر خۆشناو:
کە بڕوانامەی دبلۆمم وەرگرت لە گوندێکی سەربە ناحیەی (گوێڕ) وەک مامۆستا دامەزرام، نەم دەتوانی هاتووچۆی هەولێر بکەم دەبوایە هەر لەوێ بمێنمەوە، بە هەر حاڵ چەند مانگێک لەوێ مامەوە جارێکیان بەشداریمان لە ئاهەنگێکی تایبەتی کرد لە شاری بەغدا لەگەڵ هونەرمەندان (حەمە جەزا 3/2/1949 - 1/10/2010 سلێمانی) و (ڕزگار خۆشناوی برام 1952 شەقڵاوە) و (شەریف جەرجیس 1955 - 2/12/2022 هەولێر) لەوێ کابرایەکی عەرەبی لێبوو وتی: هەر کارێکتان لە لای پارێزگاری هەولێر هەبێت من دەتوانم بۆتان جێبەجێ بکەم، ئێمەش وتمان لەوانەیە قسەی شەو بێ..! بەڵام پاش گەڕانەوەمان، پارێزگاری هەولێر ئەو کاتە (بەهادین محەمەد) بوو بانگی کردین وتی: کوێتان دەوێ تا نەقڵتان بکەم، من و شەریف وتمان: هەولێر، وتی: کوڕم ئێوە ئەمساڵ دامەزراون ناکرێ بێنە ناو هەولێر ئیدی ئەوە بوو من گوێزرامەوە بۆ گوندی (کەردز) لە دەشتی هەولێر لەسەر ڕێگای بێستانە دەمتوانی هاتووچۆ بکەم، لەوێش چەند مانگێک مامەوە پاشان لە ساڵی 1977 تەنسیبی بەڕێوەبەرایەتی چالاکی قوتابخانەکانی هەولێر کرام.
پرسیار: یەکێک بوون لە ئەندامانی تیپی مۆسیقای شۆڕش، خوێندنەوەتان بۆ ئەو ماوەیە لە هونەری بەرگری و تێکۆشانی هونەریتان و پتەوکردنی سەنگەرەکانی پێشمەرگە؟
ڕەنجبەر خۆشناو: ساڵی 1974 پۆلی چوارەمی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی بەغدا بووم هەر لەو ساڵە یەکەمین فیستیڤاڵی گۆرانی و مۆسیقای کوردی لە هۆڵی خولد ئەنجام درا. لێرەدا بە پێویستی دەزانم زانیاری دەربارەى (میهرەجانی یەکەمی هونەری کوردی لە بەغدا) بنووسم (لە سەرەتای ساڵی 1974 میهرەجانێکی گەورە بۆ ماوەی 5 ڕۆژ، لە ڕێکەوتی 25/2 تا 2/3/1974 لە هۆڵی خولد لە شاری بەغدا ساز دەکرێت، زۆربەی زۆری تیپە مۆسیقییەکانی کوردستان تێیدا بەشدار دەبن، چالاکییە هونەرییەکانی فیستیڤاڵی ناوبراو بریتی بووە لە گۆرانی و مۆسیقا و شانۆ و وێژە و شیعر و ئۆپەرێت).
با بگەڕێینەوە بۆ لای وەڵامەکەی هونەرمەند ڕەنجبەر خۆشناو: من و ڕزگاری برام و چەند ژەنیارێکی تر تیپێکی مۆسیقامان دامەزراند بە ناوی (تیپی یەکێتی قوتابیانی کوردستان لقی بەغدا) ئەو تیپەی ئێمە بە یەک گۆرانی بەشدار بووین لەو ئاهەنگە، ناوی گۆرانیبێژەکەم لە یاد نەماوە، گۆرانی (توخوا فاتم دەوازبێنە) بوو پاشان هەر دوای فیستیڤاڵەکە بەغدام بەجێهێشت بە نیازی پێشمەرگایەتی، من و (مەجید خۆشناو 1953 شەقڵاوە) بە ڕێ کەوتین بە پێ تا گەیشتینە (ئاقوبان) لەوێ مەجید خۆشناو پەشیمان بووەوە و من بە تەنیا مامەوە بە ڕێ کەوتم بە پیادە لەسەر چیای هەورێ ئاودیو بووم تا گەیشتمە ڕواندز لەوێ بە سەیارە هەتا دێیەکی نزیک چۆمان چووم، پاشان بە پیادە تا گەیشتمە چۆمان پرسیارم کرد لە چەند پێشمەرگەیەک کە چۆن چۆنی وەردەگیرێم لە ڕیزی هێزەکانی پێشمەرگە، وتیان لەبەر ئەوەی تۆ قوتابی و تەمەنت بچووکە وەرناگیرێی بڕۆ بۆ ئەمینداری ڕۆشنبیری و لاوان، ئیدی چوومە ئەوێ و چەند ناسیارێکم دیت، وتیان بڕۆ بۆ (ناوپردان) لەوێ خەریکن بناغەی تیپی مۆسیقا دادەنێن، کە چوومە ئەوێ چەند برادەرێکی لێبوو لەوانە (فاروق ساڵح کۆیی، سیامەند کۆیی، فوئاد محەمەد فەقێ، سیروان عومەر، قەمبەر کەرکووکی و لوقمان بەرزنجی بەشی ئەدەبیش لەوێ بوون تەنیا عەبدولوەهاب تاڵەبانیم لە یادە)، دواتر تێکڕای ئەندامانی تیپی مۆسیقای سلێمانی هاتن و هەندێک لە ئەندامانی تیپی مۆسیقای باواجی، دواتر بارەگامان گواستەوە بۆ (گەڵاڵە) لەوێ خۆمان ساز کرد بۆ ئاهەنگێک بۆ پێشمەرگە زۆربەی هەرەزۆری هونەرمەندانی کوردستان بووین لە بیرمە کاتی پڕۆڤەکردن مامۆستا (واحید مەرجان) لە تەنیشتم بوو نۆتەکانمان هەڵواسیبوو بە دیواردا، بەداخەوە مامۆستا واحید هەر ئەو ڕۆژە لەگەڵمان بەشدار بوو پاشان نەما لە تیپەکە وابزانم گەڕایەوە هەولێر، ماوەیەک ماینەوە لە گەڵاڵە چەند جارێک فڕۆکەی جەنگی ڕژێم هاتن بۆ بۆردومانی ئەو ناوچەیە ناچار بووین بگوازینەوە بۆ چۆمان لەوێ تیپەکە بووە دوو بەش لەبەر زۆری ئەندامان تیپی مۆسیقای سلێمانی و باواجی، منیش لەتەک ئەوان بووین بە تیپی (ئەلف) ئەوانی تریش بوون بە تیپی (باء)، تیپی ئەلف دواتر بوو بە (تیپی مۆسیقای شۆڕش). (هونەرمەندانی کوردستان بە گشتی بۆ پشتیگیری لە شۆڕشی ڕەوای گەلەکەیان بڕیار دەدەن، هەموویان لە بەرهی گەلی چەوساوەکەیاندا بن و بە هونەر پشتیگیری لە شۆڕش و هونەری بەرگری و مەتەرێزەکانی هێزی پێشمەرگە پتەوتر بکەن، بۆ ئەو مەبەستە هونەرمەندانی تیپی مۆسیقای سلێمانی و تیپی مۆسیقای باواجی کۆیە و هونەرمەندانی شاری هەولێر و کەرکوک و دهۆک، لە شاخ تیپێکی مۆسیقا و شانۆ دروست دەکەن و نێوی دەنێن "تیپی مۆسیقا و شانۆی شۆڕش" 19/3/1974 - 19/3/1975 هونەرمەند ڕەنجبەر خۆشناو یەکێک بووە لە ئەندامانی تیپی ناوبراو). تیپی (باء)یش بوو بە تیپی (مۆسیقای دیلمان) لە (چۆمان)، لەو کاتەدا لە تیپی مۆسیقای شۆڕش زۆر سروود و چەند گۆرانییەک لە گوندی (وەسانان) تۆمار کرا وەک (شەو و یاران وەسیەتم) کە هەردووکیان لە ئاوازی هونەرمەند (کەریم کابان 24/2/1927 - 14/1/2016 سلێمانی) بوون و هەروەها چەند گۆرانییەکی تر بۆ هونەرمەندان.
پرسیار: دوای نسکۆی ساڵی 1975 گەڕانەوە شەقڵاوە یان شاری هەولێر؟ لە چ قوتابخانەیەک دەستان بە کار و تێکۆشانی هونەری کردەوە؟
ڕەنجبەر خۆشناو: دوای نسکۆی ساڵی 1975 گەڕامەوە شاری هەولێر، چونکە ئەو ماوەیەی من پێشمەرگە بووم ماڵی بابم گواستبوویانەوە بۆ هەولێر چەند ڕۆژێک مامەوە دوایی چوومەوە بۆ بەغدا، بە مەبەستی تەواوکردنی خوێندنەکەم لە پەیمانگای هونەرە جوانەکان، بەهۆی لێبوردنی گشتییەوە لە پۆلی چوارەمیان دانامەوە و دەستم کردەوە بە خوێندن.
پرسیار: وەک هونەرمەندێکی ژەنیار ساڵی چەند بوویتە ئەندام لە تیپی هونەری هەولێر
ڕەنجبەر خۆشناو: پاش دەرچوونم لە پەیمانگا و وەرگرتنی بڕوانامە وەکو پێشتر باسم کرد، بۆ ماوەی چەند مانگێک لە دێهاتەکان وەک مامۆستا کارم کرد، دواتر بە تەنسیب گواسترامەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی چالاکی قوتابخانەکانی هەولێر لە سەرەتای ساڵی 1977 هەر لەو ساڵەدا بوومە ئەندامی تیپی هونەری هەولێر. بۆ زانیاری دەربارەى تیپی هونەری هەولێر بە نووسراوی فەرمی سینەما و شانۆی بەغداد، ژمارە (713) لە (23/2/1971) مۆڵەتی فەرمی بە (تیپی هونەری هەولێر) دەدریت.
پرسیار: لە ماوەی ژیانی هونەریتان هیچ ئاوازێکتان بۆ هونەرمەندان داناوە؟ هەروەها چەند بەرهەمی هونەریتان ئامادە و دابەشکردنی موزیکتان بۆ کردووە؟
ڕەنجبەر خۆشناو: زۆر بەدەگمەن ئاوازم داناوە زیاتر بە کاری چالاکی قوتابخانەکانەوە سەرقاڵ بووم کۆڕاڵێکم دانا لەگەڵ ئۆپەرێتێک کە لەسەر ئاستی عێراق یەکەم بوو، ساڵی 1972 گۆرانییەکم لە ئێستگەی بەغدا تۆمار کرد بەڵام هیچ شوهرەتی وەرنەگرت وازم هێنا، ساڵی 1976 دیسان جارێکی تر گۆرانییەکی ترم تۆمار کرد ئەویش هەر دەنگی نەداوە..؟! گۆرانی یەکەم بە ناوی (وامەکە توخوا) هەڵبەستی (حەمید سەعید قەساب) ئاوازی هونەرمەند (محەمەد قەدری 1937 پێنجوێن) بوو، ئاوازی دووەمم شاعیرەکەم لە بیر نەماوە گۆرانییەکە بە ناوی (فریشتە) لە ئاوازی هونەرمەند (ئەلبێرت عیسا 15/4/1951 سلێمانی) بوو لە تیپی هونەری هەولێر تەنیا یەک گۆرانیم ئامادە کرد ئەویش (بەهاری ڕووزەرد) لە هۆنراوەى (پیرەمێرد 1867 - 19/6/1950 سلێمانی) و ئاواز و وتنی (سامان محەمەد یان سامان کەرکوکی) بوو، ئاوازێکم بۆ (نیزام شوکر) دانا بە ناوی (ساقیا وا وەرگەڕێ) شیعری (هێمن موکریانی 1921 - 18/4/1986) بوو ئاوازێکی دیکەم بۆ هونەرمەند (تەحسین تەها 25/10/1941 - 28/5/1995) دانا بە ناوی (بەفر)، ئاوازێکی ترم بۆ (ڕزگار ڕەنجەڕۆ) دانا بە ناوی (لەوەتی هەم چاوەڕوانم) ئیدی وازم لە ئاوازدانان هێنا، نازانم هۆکار چییە هەر ئاوازێک بۆ گۆرانیبێژێک دابنێم، بە داخی زۆرەوە واز لە گۆرانی وتن دێنێ، یان کۆچی دوایی دەکات، یان نەشتەرگەری گەورەی بۆ دەکەن.
پرسیار: لە هەموو کار و چالاکییە هونەرییەکانی تیپی هونەری هەولێر، بە تایبەت ئەو بەرهەمە هونەرییانەی بۆ تەلەفزیۆن سەردەمی ڕەش و سپی و ڕەنگاوڕەنگ بەشداریتان کردووە؟
ڕەنجبەر خۆشناو: بەڵێ لە هەموو چالاکییەکانی تیپی هونەری هەولێر وەک ژەنیار بەشداریم کردووە بۆ نموونە لە ساڵی 1978 کۆمەڵێک گۆرانیمان تۆمار کرد بۆ هونەرمەندان (حەمە جەزا)، (قادر زیرەک 1954 - 17/7/1981)، (شەهید قادر کابان، 1937 - 28/2/1981 ڕۆژی سەرنگوومکردنی)، (سامان محەمەد، ناسراو بە سامان کەرکووکی)، (تەنیا عارەب عوسمان)، (کاوە ژاژڵەیی)، (سەڵاح محەمەد 1947 کۆیە)، (ئیبراهیم سابیر)، (جەعفەر سەلیم 1941 - 25/7/2001)، (جەلال سەعید 1953 - 9/12/2013) و (جەبار ئەحمەد) و (سابیر عەبدولڕەحمان 1947) ئەو بەرهەمانە لە تەلەفزیۆنی بەغدا بۆ یەکەم جار بە شێوەی (ڕەنگاوڕەنگ) تۆمار کرا و پەخش کرا و دەنگدانەوەیەکی زۆر باشی هەبوو لە ناو جەماوە
پرسیار: لە چ ساڵێکدا بوو پەیمانگای هونەر بۆ مۆسیقا لە شاری هەولێر دادەمەزرێنی، مەبەستان لە کردنەوەی ئەو پەیمانگایە چی بووە
ڕەنجبەر خۆشناو: ساڵی 1984 لەگەڵ مامۆستا (جەمال هیدایەت 1931 - 23/4/2024 هەولێر) بە دوو قۆڵی مۆڵەتمان وەرگرت و خانوویەکمان بەکرێ گرت، سەرەتا زۆر باش بوو زۆر هونەرمەند بوونە مامۆستا لە ئەو پەیمانگایە وەک (وریا ئەحمەد 19/4/1947 کۆیە)، (سەید ئەحمەد بەرزنجی 14/7/1952 - 3/2/1999)، (جان تۆماس 4/4/1947 - 6/7/2023 هەولێر) دواتر مامۆستا جەمال هیدایەت وازی لێ هێنا بە تەنیا بەڕێوەم دەبرد تاک تاکە خەڵک دەهات قازانجی ئەوەندە نەبوو، بەڵام هەر وازم نەهێنا بە دەیان کەس لە ئەو پەیمانگایە فێری ژەنینی ئامێری (کەمان و عود) بوون لەوانە دکتۆر (سروود فوئاد)، دکتۆر (سیروان محەمەد مستەفا)، (بڵند عەبدوڵڵا)ی ژەنیار و گۆرانیبێژ، (خدر) ناوی باوکیم لە خەیاڵ نییە ژەنیارێکی زۆر باشی لێ دەرچوو زۆری تریش کە ناویانم لە یاد نەماوە، مەبەستم ئەوە بوو کە تۆزێک ڕۆشنبیری موزیک لە ناو کۆمەڵگا بڵاو بکەمەوە هەروەها هانی ئەو قوتابیانە بدەم کە بەهرەیان هەیە و ڕێچکەیان بگۆڕن بۆ هونەر و بچن بۆ پەیمانگەکانی عێراق لە بەغدا و موسڵ.
پرسیار: ساڵی چەند کوردستانتان جێهێشت و ڕووتان لە هەندەران کرد؟
ڕەنجبەر خۆشناو: کۆتایی ساڵی 1994 کوردستانم بەجێهێشت بەهۆی ڕزگاری برام ڤیزەی بۆ وەرگرتم و لە (ئەڵمانیا) گیرسامەوە.
پرسیار: ئایا ژیانی غوربەت و تاراوگە بووە لەمپەر لە ئاست هەستە هونەرییەکەتان؟
ڕەنجبەر خۆشناو: بە پێچەوانەوە زیاتر کەوتمە ناو هونەری نەتەوەیی زۆر ئاشناییم پەیدا کرد لە لاوک و مەقاماتی کوردی، لە (نەمسا) لەگەڵ ڕزگاری برام ئاهەنگی جەژنی سەری ساڵی 1995مان کرد لەگەڵ هونەرمەند (ناسری ڕەزازی 21/6/1955 سنە) و چەند برادەرێکی ژەنیار، کە چوومە ئەڵمانیا ساڵێک لە کەمپ بووم درەنگ وەرگیرام کاتێک کەناڵی ئاسمانی (مێد تیڤی) دامەزرا دیسان لەگەڵ هونەرمەندان (مەرزیەی فەریقی 22/5/1958 مەریوان - 18/9/2005 سوید) و ناسری ڕەزازی و ڕزگاری برا بەشداریمان کرد بۆ یەکەم جار لە ژیانی کورد پەخشی ڕاستەوخۆ بکرێ زۆر کاریگەری لە دەروونم کرد بەدەست خۆم نەبوو زۆر گریام، خاتوو مەرزیەش دەستی بە گریان کرد چونکە بەڕاستی ڕووداوێکی زۆر گەورە بوو لە مێژووی نەتەوەکەماندا، هەر لەو ساڵە هونەرمەند (ئیقبالی حاجیبی 22/6/1956 سنە) تەلەفۆنی بۆ کردم بۆ ئەوەی بێمە ئەکادیمیای کوردی لە شاری (نۆیس) لە ئەڵمانیا، ئەوە بوو ماوەیەکی زۆر مامەوە لەو ئەکادیمیایە کە هەموو هونەرمەندێکی دیاسپۆڕا سەردانی دەکرد ئەوانەی لە بیرم ماون (گوڵستان پەروەر، شەهریبانا کوردی، شەمدین، خەلیل خەمگین، سەرحەدی ساز، بەسەر شاهین، جەواد مەڕوانی، ئارام تیگران، خالید ڕەشید، ئاسۆ سەڵتە، ئیقبال حاجیبی، بارزان شاسوار، حسێن ڕەهبەر و زۆری دیکە) دوایی ماوەیەکی زۆر (وریا ئەحمەد، نەجمەدین بابەکر، گۆران کامیل، سالار ئازید، فاروق باپیر، ئالان عارف، حسێن زەهاوی و براکانی)، لە زۆربەی بەرنامەکانی مێد تیڤی بەشداریم کرد بە تایبەتی بەرنامەی (شانشین)ی بارزان شاسوار و بەرنامەی (دیداری ئازیزان)ی حسێنی ڕەهبەر، هەروەها لە بەرنامەی (شەڤبێرکێ دەنگبێژان) کە من سەرپەرشتیاری بەرنامەکە بووم، ڕاستە غوربەت و دوور لە وڵات و ئازیزان کاریگەری هەیە، بەڵام هەستە نەتەوەیی و هونەرییەکە زیاتر پەلکێشی کردم تا خزمەتی زیاتر بە نەتەوەکەم بکەم.
پرسیار: ماوەی چەند ساڵ لە کەناڵی ئاسمانی مێد تیڤی کاری هونەریتان ئەنجام دا؟
ڕەنجبەر خۆشناو: تا ساڵی 2006 بەردەوام بووم لە مێد تیڤی لە هەمان کاتدا بوومە سەرپەرشتیاری گرووپی هونەرمەند (شڤان پەروەر 23/9/1955) ماوەی حەوت ساڵ لە هەموو ئاهەنگ و کۆنسێرتەکانی لە وڵاتانی ئەوروپا بەشداریم کرد، لە کاسێتێکیش زۆر یارمەتیم دا بۆ فێربوونی چەند گۆرانییەک بە دیالێکتی سۆرانی کە ناوم لەسەر کاسێتەکە نووسرابوو وەک گۆرانی (پاوەنەکانی ئەزرینگێتەوە) و هی تریش.
پرسیار: بەرلەوەی ڕووبکەنە هەندەران ئایا لە بەڕێوەبەرایەتی چالاکی قوتابخانەکان کارتان کردووە؟ ماوەی چەند ساڵ بەردەوام بوون؟
ڕەنجبەر خۆشناو: بەڵێ ماوەی 17 ساڵ واتە لە ساڵی 1977ـەوە تا ساڵی 1994 لە بەڕێوەبەرایەتی چالاکی قوتابخانەکان خزمەتم کردووە.
پرسیار: دوای چەند ساڵ بۆ یەکەم جار گەڕایتەوە کوردستان و زێدەکەت؟
ڕەنجبەر خۆشناو: یەکەم گەڕانەوەم بۆ کوردستان ساڵی 1996 بوو دواتر ساڵی 2001 هاتمەوە هەموو برادەرەکانم کۆکردەوە بە یادی جارانەوە لە باخچەی (حاجی حسێن ماجیدی) ئاهەنگێکی خنجیلانەمان بە بەشداری کۆمەڵێک هونەرمەند (محەمەد ئەحمەد ئەربیللی 1933 - 20/6/2022)، (جەبار ئەحمەد ئەربیللی)، (جەلال سەعید)، (عارەب عوسمان 1952)، (فەرهەنگ غەفوور) و (نوری گەرمیانی) و ژەنیارەکان (جەودەت شاکر 21/10/1946 - 24/4/2021) و (مستەفا ڕەئووف شێخۆ 1942 - 25/8/2014)، (زرار بەکر)، (موحسین عەباس) ساز کرد لەگەڵ زۆر هونەرمەندی تر.
پرسیار: لەگەڵ کۆمەڵ و هونەر و وێژەی کوردی بەشداریتان هەبووە؟ ماوەی چەند ساڵ لەوێ کارت کردووە؟
ڕەنجبەر خۆشناو: پێش دامەزراندنم بە چەند مانگێک لە کۆمەڵ و هونەر و وێژەی کوردی بووم، هەر لە ئەو کاتی بوو دوو شاکاری هونەریمان تۆمار کرد، گۆرانی (دوورم لە یاران) بۆ (قادر زیرەک) ئاواز و دانانی ڕزگاری برام بوو، گۆرانی (حەزم لێکردووی) بۆ (حەمە جەزا) ئاوازی ڕزگاری برا و شیعرەکەی هی (حەمە عەلی مەدهۆش 1919 - 24/2/1994) بوو، بە داخی زۆرەوە ئەو دوو شاکارە لە تەلەفزیۆن پەخش نەکرا یان دۆبلاژی بۆ نەکرا ئەو دوو شاکارە پێموایە بە ناوی کۆمەڵ، هونەر و وێژەی کوردی بوو چونکە زۆربەی ژەنیارەکان ئەو کاتی ئەندام بوون لە ئەو کۆمەڵەیە.
پرسیار: پێوەندیتان لەگەڵ هونەرمەندانی دەنگبێژ و موزیکژەنانی کورد بە گشتی چۆنە؟
ڕەنجبەر خۆشناو: لەگەڵ هەموو ئەو هونەرمەندانەی ئەو کاتی پەیوەندیم زۆر باش بوو، بۆ نموونە کاتی ئاهەنگی ژنهێنانم ئەو هونەرمەندانە ئامادەی ئاهەنگەکە بوون لە باخچەی ئەو ماڵەی ئاهەنگەکەی تێدا سازکرا، هونەرمەندانی وەک (تاهیر تۆفیق، فوئاد ئەحمەد، قادر کابان کە ئاوێنەیەکی بە دیاری لەگەڵ خۆیدا هێنابوو، یوسف باکووری، حەمە جەزا، واحید مەرجان، سەید ئەحمەد بەرزنجی، تەحسین تەها، سابیر عەبدولڕەحمان و قادر زیرەک) ئێستاش پێوەندی دۆستانە و هاوڕێیانە و هونەریم لەگەڵ هونەرمەندان بە گشتی زۆر باشە.
پرسیار: لە سەرەتای کاری هونەریتانەوە بە دەست و پل و پەنجەی کام لە هونەرمەندانی ژەنیاری ڤیۆلۆن سەرسامیت؟
ڕەنجبەر خۆشناو: یەکەم مامۆستام فەرەیدون دارتاش بوو هیوای تەندروستی باشیی بۆ دەخوازم، هەروەها ڕەوانشاد واحید مەرجان (یادی بەخێر).
ببوورن ماندوومان کردن، ئەگەر بەڕێزتان بۆچوونێک یان یادەوەرییەک لە نێو پرسیارەکاندا ئاماژەمان پێ نەکردبێت و بەڕێزتان باسی بکەیت و بخرێتە سەر خەرمانی هونەریتان،
ڕەنجبەر خۆشناو: ئەوەی ڕاستی بێت هێشتا زۆر بابەتی دیکە لە ژیانی هونەریمدا ماوە ئاماژەی پێ بدەم، بەڵام لە یادم چووبوو کە باسی (تیپی مۆسیقای زیرەک) بکەم، پێم باشە ئەوەش بۆ مێژوو بڵێم. سوپاستان دەکەم ئەو یادەوەرییەش ئاماژەی پێ بدەیت چونکە ئەوە مێژووە با نەفەوتێت.
ڕەنجبەر خۆشناو: تیپی مۆسیقای زیرەک، ئەو برادەرانە هەموویان لای ئێمە فێری ژەنینی ئامێرەکان بوون، لە ساڵی 1977 من و دکتۆر (جەلیل ئازید 1954 هەولێر - 26/8/2021 سویسرا) خولێکی مۆسیقیی تایبەتمان بۆ تیپی ناوبراو کردەوە، دوو ساڵ لەسەر یەک یەکەم دەرچوون لەسەر ئاستی ئامادەیی لە فیستیڤاڵی بەڕێوەبەرایەتی چالاکی قوتابخانەکان لە هەموو عێراق، بەڵام بە داخی زۆرەوە تیپەکە هەڵوەشایەوە، ئەویش بە ئەمری (عبدالغفار سایغ) ئەمینداری ڕۆشنبیری و لاوان، هۆکارەکەش تەنها لەسەر ناوی تیپەکە بوو، عبدالغفار سایغ وتی ئەو ناوە کابرایەکی بێگانەیە دەبێ ناوەکەی بگۆڕن؟! ئێمەش وتمان نایگۆڕین دواتر وازمان لێ هێنا، کارێکی ترم بە بیر هاتەوە لە ناوەڕاستی هەشتاکان لە ئاهەنگێک گوێم لە دەنگی (فەرهاد زیرەک) بوو بەڕاستی زۆر پێی سەرسام بووم بەڵێنم پێدا کە کاسێتێکی بۆ بکەم، ئیدی لەگەڵ چەند ژەنیارێکی ساز ڕێکەوتم سێ چوار گۆرانیم بۆ ئامادە کرد سەرەتا گۆرانی (کاروانە هەی کاروانە)ی هونەرمەند (محەمەدی ماملێ 1925 - 23/1/1999 مەهاباد)م تۆمار کرد، بەڵام بە داخی زۆرەوە ڕۆژی دواتر برادەرەکانی هانیان دا واز بێنێ لەبەر بەرژەوەندی خۆیان منیش وازم لێ هێنا و ئەو کارەش جێبەجێ نەکرا.
هونەرمەند ڕەنجبەر خۆشناو، دوای ئەو مێژووە جوان و پڕ بەخششە هونەرییە، یەکێکە لە هونەرمەندە ناودارەکانی گەلەکەمان لە بواری ژەنینی ئامێری (کەمان - ڤیۆلۆن)، لە ساڵی 2007ـەوە بە یەکجاری گەڕاوەتەوە کوردستان و لە بەڕێوەبەرایەتی چالاکی قوتابخانەکان دامەزراوەتەوە و بەردەوام بووە لە خزمەتکردن تا ساڵی 2018 خانەنشین دەکرێت، هونەرمەند لە ساڵی 2019 بنە و بارگەی پێچاوەتەوە و ڕەشماڵەکەی لە زێدەکەی بووکە جوان و دڵفڕێنەکەی وڵات (شەقڵاوە) هەڵداوەتەوە و تێر بە سینەی ئاو و هەوا پاکەکەی سەفین و شەقڵاوە هەڵدەمژێت، هیوای تەمەنی درێژ و پڕ تەندروستی و بەختەوەری و سەرفرازی بۆ هونەرمەند ڕەنجبەر خۆشناو دەخوازم و پێی دەڵێم سوپاس بۆ ئەو مێژووە جوانەت لێوانلێوە لە دڵسۆزی و خەمخۆری بۆ سەرکەوتن و پێشخستنی هونەری موزیک و ئاواز و گۆرانی کوردی.
جەمال عومەر (جەمالی دەلاک)
سەرچاوە:
(1) پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ مامۆستا و هونەرمەند (فەرەیدون دارتاش) ڕۆژی دووشەممە لە ڕێکەوتی 9/3/2026 (ئەڵمانیا - سلێمانی) دواتر لە ڕێی ماسنجەرەوە ئەو زانیارییانەی بۆ ناردم.
(2) عەبدوڵڵا حەسەن قادر ئەحمەد خۆشناو، دیمانە: وریا ئەحمەد، گۆڤاری چلاواز ژمارە (41) تەمووزی 2009.
(*) لە دڵەوە سوپاس و ڕێز بۆ هونەرمەند ڕەنجبەر خۆشناو لە ڕێی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە و دواتر لە ڕۆژی سێشەممە 3/3/2026 لە ڕێی ماسنجەرەوە وەڵامی پرسیارەکانی داومەتەوە.


کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.