کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبای پارێزگای تاران، ئاماری ئەو زیانانەی بڵاوکردەوە کە بەهۆی هێرشە ئاسمانی و بۆردومانەکانی ئەم دواییەوە بەر ژێرخانی وزەی پایتەخت کەوتوون.
کامبیز نازریان، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکە لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "تیمە تەکنیکییەکان زیانپێکەوتنی 421 خاڵیان لە دامەزراوە و تۆڕەکانی گواستنەوەی کارەبا تۆمارکردووە." ئاماژەی بەوەش کرد، تەنیا لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا، 16 ڕووداوی نوێی پچڕانی کارەبا لە ناوچە جیاوازەکاندا ڕوویانداوە.
بەپێی زانیارییەکانی کامبیر نازریان، چڕیی بۆردومانەکان لە ناوچەکانی (ڕۆباتکەریم، شەهریار، بوستان، چواردانگە، کەهریزەک و پیشەوا) بووە، کە بەو هۆیەوە بەشێکی زۆر لە تۆڕەکانی کارەبای ئەو ناوچانە بە سەختی زیانیان بەرکەوتووە.
بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخە، لایەنە پەیوەندیدارەکان 250 تیمی فریاگوزاری و چاککردنەوەیان لە شوێنە زیانپێکەوتووەکان جێگیرکردووە. نازریان جەختی لەوە کردەوە کە سەرەڕای فراوانیی قەبارەی هێرشەکان، توانیویانە لە ماوەیەکی پێوانەییدا زۆربەی تۆڕەکان نۆژەن بکەنەوە و تەزووی کارەبا بۆ ناوچەکان بگەڕێننەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.